موحەڕەم ئینجە لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت کە بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایار، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند.
لە سەرەتای گوتەکانیدا موحەڕەم ئینجە باسی لەوە کرد کە لەم ماوەیەدا چەندەها بوختان و زانیاریی نادروستی بۆ هەڵبەستراوە. ئینجە هەروەها گوتی: "دەوڵەتی کۆماری تورکیا نەیتوانیوە بەهای من بپارێزێت. ئەرکی دەوڵەتە بەهای هاووڵاتییەکی کە بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمارە، بپارێزێت. داواکارانی گشتی، ئاسایش و میدیاکان باسیان نەکرد".
ئینجە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەو پارەی وەرگرتووە و ناتوانێ بکێشێتەوە و دەست لە بەربژێربوونی هەڵبگرێت، گوتی: "داوا لەو نەفس نزمانە دەکەم کە دەڵێن پارەی لە کۆشک وەرگرتووە و ناتوانێت پاشەکشە بکات. من ترسم لەو بوختانانە نییە کە بۆم کراون. 45 رۆژە بەرهەڵستی دەکەم. دوایین خاڵ کە پێیگەیشتوون ئەوەیە دەڵێن: ئەو ناتوانێت بکشێتەوە، چونکە تازە خۆ پارەکە ناگەڕێنێتەوە! دەست لە بەربژێربوونم هەڵدەگرم. ئەمە لەپێناوی نیشتمانەکەم دەکەم. سێیەمین بژاردەم بۆ تورکیا پێشنیاز کرد. گوتم نە جمهوور نە میلـلەت، تاکەڕێگە مەملەکەت. گوتم نە راستڕەو نە چەپڕەو، بەڵکو رێگەی ئەتاتورک. هەوڵی کردنەوەی رێڕەوێکم دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین".
ئینجە رووی دەمی کردە ئۆپۆزیسیۆن و گوتی: "با بیانوویان نەمێنێت، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن بدۆڕێنن، بەیانییەکەی تەواوی تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ئێمە. با هیچ بیانووێکیان نەمێنێت. من لە هەر ماڵێک دەنگێکم بۆ پارتی مەملەکەت دەوێ. لە بەربژێربوونم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکشێمەوە".
سەبارەت بەو گرتەڤیدیۆیە و هەواڵانەی لەبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، ئینجە گوتی: "کابرا ڤیدیۆ لەسەر من دروستدەکات و دەڵێ ئەو خانووەت لەکوێ بوو؟ من ئەو خانووەم 2016 کڕیوە. چەند فەتۆی قاچاخ هەیە لە دەرەوەی وڵات هێرشدەکاتە سەر من. لەلایەن ئەوان لەلایەن پەکەکە هێرشم دەکەنە سەر. لەم 45 رۆژەدا هەموو رۆژێک بوختانیان بۆ دروست دەکردم".
سەرۆکی پارتی مەملەکەت هەروەها گوتی، لەسەر ئەو هەموو زانیارییە نادروست و ساختەیە، ئاسایش نەهاتە وەڵام و گوتی: "چەندەها گرتەی ڤیدیۆیی ساختە لەبارەی منەوە بڵاوکرایەوە. ئاسایش نەهاتە وەڵام و بەدواداچوونی نەکرد. یەکێک لە رۆژنامەڤانان نووسیویەتی؛ راستی یان مۆنتاژ، جیاوازیی نییە. تۆ ناتوانین بڵێی راستەقینە و مۆنتاژ جیاوازییان نییە، چونکە راست نییە. ئەمە دەزانیت".
موحەڕەم ئینجە رایگەیاند بوونی پارتی مەملەکەت لە پەرلەمان مەرجە و گوتی: "لە پەرلەماندا هەدەپە هەیە، 77 دەڤا و ئاییندە و سەعادەت لە لیستی جەهەپە هەن. ئاکەپەش هەیە. ئەتاتورکچییەکان لە پەرلەماندا دەبنە کەمینە. ئەوان پێویستە لەو پەرلەمانەدا هەبن. پارتی مەملەکەت بیمەی تورکیایە. هەرچییەک بێت پێویستە لە پەرلەماندا هەبێت".
موحەڕەم ئینجە کێیە؟
- 4ـی ئایاری 1964 لەدایکبووە
- خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی لە پارێزگای یاڵۆڤا تەواوکردووە
- بەشی فیزیای لە زانکۆی باڵیکەسیر تەواوکردووە
- مامۆستای فیزیا بووە
- ساڵی 2002 بە پەرلەمانتاری جەهەپە هەڵبژێردرا
- ساڵی 2007 جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە
- ساڵی 2015 وەکو پەرلەمانتاری جەهەپە بۆ سێیەمجار هەڵبژێردرایەوە
- ساڵی 2018 بەربژێری جەهەپە بوو بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بەڵام دەرنەچوو
- 8ـی شوباتی 2021 بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند
- 17ـی ئایاری 2021 پارتێکی نوێی بەناوی "مەملەکەت" راگەیاند
- 25ـی ئاداری 2023 خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا بەربژێرکرد
- 11ـی ئایاری 2023 لە بەربژێربوون کشایەوە