ئەردۆغان: دەستووری ئێستا عەیبەیە و گۆڕینی ئەرکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەستووری ئێستای وڵاتەکەی بە عەیبەیەکی دیموکراسی وەسفدەکات و نووسینەوەی دەستوورێکی تازە بە ئەرکی سەر شانیان دەزانێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی 158ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دادگەی باڵا و رۆژی دادوەریی کارگێڕیی تورکیادا، رۆژی دووشەممە، 11-5-2026، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی دەستووری وڵاتەکەی کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە رێگەی دەستوورێک کە لەلایەن خەڵکەوە نووسرابێتەوە، دەتوانن لە هەمان کاتدا یاسا، دیموکراسی، گەل و دەوڵەت بپارێزن و جەختیکردەوە کە بابەتی نووسینەوەی دەستوورێکی نوی لە رۆژەڤیاندایە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو دەستوورەی ئێستا لە وڵاتەکەیدا جێبەجێ دەکرێت، لەلایەن "کودەتاچییان"ەوە نووسراوەتەوە و گوتی: "بەداخەوە دوایین دوو دەستوورمان، بەرهەمی کودەتاکان و دەستوەردانە نایاساییەکانن. ئەوە عەیبەیەکی دیموکراسییە و لەنێوبردنیشی، ئەرکی سەر شانی سیاسەتی تورکیایە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا حەسرەتی خەڵکی تورکیا بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی باش کۆتایی نەهاتووە و گوتی: "نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی گشتگیر، ئازادیخواز و سڤیل، بە بونیاتنانی سەرتاپایی دیموکراسییەوە، لەبەردەممان وەستاوە. ئێمە ناچارین دەستوور لەو چوارچێوەیە دەربهێنین کە کودەتاچییان نووسیویانەتەوە و بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە و دەبێ بیگۆڕین بۆ دەقێک کە لەلایەن کۆمەڵگە خۆیەوە نووسراوەتەوە و رادەستی دەوڵەت کراوە".
بۆچی دەگوترێت دەستووری تورکیا بەرهەمی کودەتایە؟
هەرچەندە دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی بەرفراوانی تێدا کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن، ئەوە دەستوورێکە لە ئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1980 دروستکراوە و بە رۆحێکی کودەتایی نووسراوەتەوە، هەر بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، رۆژی 12ی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و رژێمێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێندرا. رژێمی سەربازی بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکیان نووسییەوە.
رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیاندا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"یان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا.
ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا وەسفدەکرێت، ئەوکات رەزامەندیی 91.3%ی خەڵکی ئەو وڵاتەی بەدەستهێنا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.