سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، دەسەڵات بە پشتیوانیی ئۆجەلان و باخچەلی دەستوور دەنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، سەرۆکی ئیی پارتی رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و گوتی، ئامانجی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ هێشتنەوەی هەمیشەیی ئەردۆغانە لە سەرۆکایەتی.
 
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە گوتارەکەیدا کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی پێشکێشی کرد، رەخنەی لە بەرپرسانی باڵای تورکیا گرت.
 
دەرڤیشئۆغڵو باسی هەنگاوەکانی ئاکپارتی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد و گوتی:"دەستوورێکی نوێ پێویستە. لەبەرئەوەی پابەندی دەستوورە کۆنەکە نەبوون، دەستووری نوێ بە پێویست دەزانن. ئەوەش بەس نییە کە 80٪ـی نێوەڕۆکی دەستوورەکەیان گۆڕیوە، چونکە بۆ ئەوان سەرۆکایەتیی تا هەتایی بۆ ئەردۆغان پێویستە. ئینجا لەمەشدا پێویستیان بە پشتیوانیی سیاسییە. لەلایەک بەڕێز باخچەلی و لەلایەکی دیکەش" پێویستیان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. 
 
دەرڤیشئۆغڵو رایگەیاند، "هاوپەیمانیی شەڕی کۆشک دەڵێت: پێویستمان بە ناسنامەیەکی نوێیە. ئێمە دەڵێین گەلی تورک پێویستی بە ناسنامەی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە دەسەڵاتێکی نوێیە".
 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان رەجەب تەیب ئەردۆغان 10 مافناسی بۆ نووسینەوەی رەشنووسێکی دەستوور راسپاردوون. هەروەها لەگەڵ تەواوی پارت و لایەنەکان و بەتایبەتیش لەگەڵ مەهەپە و دەم پارتی لە گفتوگۆی بەردەوامدان.
 
ئاکپارتی 273 کورسی هەیە و بۆ ئەوەی گشتپرسی بکات، دەبێت لە کۆی 600 دەنگی پەرلەمان بتوانێت 360 دەنگ کۆبکاتەوە.
 
ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی 320 کورسییان هەیە.
 
ئەگەر دەم پارتی پشتگیرییان بکات، دەنگەکانیان دەگاتە 376. ئاکپارتی ئەگەر 400 دەنگ کۆبکاتەوە، دەتوانێت بە بێ گشتپرسی، دەستوور بنووسێتەوە.