بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوود رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی بۆ مانگی ئەیلوول رادەگەییێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەکە کەمبکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلولی 2025 بە سەرۆکایەتیی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بازاڕەکانی ناوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکەیە. بەگوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی ئانادۆڵو کە بە بەشداری 26 ئابووریناس کراوە، پێشبینی دەکرێ لە کۆبوونەوەکەدا سوودی بانکی 200 خاڵ کەمبکرێتەوە.
بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر شارەوانییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دروست بووە، کاریگەری لەسەر چاوەڕوانییەکانی وەبەرهێنەران هەبووە.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە کۆبوونەوەی مانگی تەممووزدا بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی 300 خاڵی بنەڕەتی، بەمەش سوودی بانکی لە 46٪ ـەوە بۆ ئاستی 43٪ کەمکردەوە کە لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو.