وەزیری بەرگریی تورکیا: دەبێت هەسەدە و یەپەگەش چەکەکانیان رادەست بکەن
رووداو دیجیتاڵ
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە پرۆگرامێکی سەربازیی تایبەتدا لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دەبێت لەگەڵ پەکەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش چەکەکانیان رادەست بکەن.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختیکردەوە هەر ساتێک زیاتر لە ئامانجی 'سەت ساڵەی تورکیا' نزیکدەبنەوە. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش ئاماژەی بە گەیشتنی تورکیا بە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخان کرد و گوتی: "لەسەر بنەمای پاراستنی برایەتیی هەزار ساڵەمان و تۆکمەکردنی سەنگەری نێوخۆی وڵات، بەردەوامین لە هەوڵەکانمان".
یاشار گولەر راشیگەیاند، دوای سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، تەواوی ئەو خەرجییەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی 'پەکەکە' دابین دەکرا، بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکە دەخرێتە خزمەتەوە.
لەکاتێکدا پرسیاری ئەمە بەردەوام ئاراستەی بەرپرسانی سیاسیی تورکیا دەکرێت، ئایا بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا؟ یاشار گولەر گوتی: "پەکەکە و تەواوی گرووپەکانی، لە چوارچێوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، پێویستە چی زووە کۆتایی بە تەواوی چالاکییە تیرۆرستییەکان بهێنن. لە سەرووی هەموویانەوە سووریا، هەموو ئەو باڵانەی لە شوێنە جیاوازەکاندا چالاکی دەکەن، بە زووترین کات و بێ مەرج، دەبێت چەکەکانیان رادەست بکەن".
پێشتر زۆر جار بەڕێوەبەریی خۆسەر لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "جارێکی دیکە دەمەوێت ئەمە وەبیربهێنمەوە، کە رێ نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆرستی، بەتایبەتیش پەکەکە، یەپەگە و هەسەدە لە ناوچەکەدا رەگ داکوتن و لە وڵاتانی دراوسێدا بە ناوی جیاواز چالاکی بکەن".
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بەردەوام داوای چەکدانان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، یانیش داوای لێ دەکەن تێکەڵی سوپای سووریا ببێتەوە، بەڵام هەسەدە رەتیکردووەتەوە، کە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان شەڕڤانان بگرێتەوە.