قائیمقامی شارۆچکەی دێرک لە باکووری کوردستان کوژرا
رووداو - مێردین
دوای برینداربوونی لە ئاکامی هێرشێکدا بۆ سەر بینای قائیمقامیەتی شارۆچکەی دێرکی سەر بە مێردین لە باکووری کوردستان، قائیمقامی شارۆچکەکە گیانی لەدەستدا.
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 10-11-2016، هێرشکرایە سەر بینای قائیمقامییەتی شارۆچکەی دێرکی سەر بە مێردین لە باکووری کوردستان.
لە ئاکامی هێرشەکەدا کە گوماندەکرێت لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە ئەنجامدرابێت، محەممەد فاتیح سافیتورک، قائیمقامی شارۆچکەکە کە وەک کارمەندی قەیوم بە سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکە دامەزرێندرابوو لەگەڵ 4 کەسی دیکە بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە و ئامەد و دیلۆک.
قائیمقامی شارۆچکەکە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئامەد و دواتریش بۆ دیلۆک، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 11-11-2016 گیانی لەدەستدا.
میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە ئەنجامدراوە کە پێشتر لە ژووری قائیمقامدا جێگیرکراوە و لە رێگەی کۆنترۆڵەوە تەقێندراوەتەوە، بەڵام ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە ئاکامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش، 20 کەس دەستگیرکران کە کارمەندی قائیمقامییەتیشیان لەنێودایە.