دەوڵەت باخچەلی: بەرەبەیانی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەڵدێت و نەمامەکان بەردەگرن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) جەخت لە بەردەوامیی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری دەکاتەوە و دەڵێ: "بەرەبەیانی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەڵدێ و نەمامەکان بەردەگرن."
 
دەوڵەت باخچەلی، ئەمڕۆ سێشەممە 11 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
باخچەلی لە گوتارەکەیدا بە فراوانی باسی لە قۆناخی پرۆسەی چارەسەری کرد کە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
 
باخچەلی گوتی: "ئەو سیاسەتانەی بە وردییەکی زۆرەوە ئامادەمان کردوون، یەک بە یەک جێبەجێیان دەکەین" و بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، رەخنەی تووندی لە موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی  ئیی پارتی گرت. 
 
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە کارەکانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە لە کۆتایی نزیک دەبنەوە و گوتی: "بەرەبەیانی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەڵدێت و ئەو نەمامانەی لە دڵماندا چاندوومانن، بەم زووانە بەردەگرن".
 
باخچەلی رایگەیاند: "تورکیای بێ تیرۆر بە واتای ناوچەیەکی بێ تیرۆر دێت. ئێمە پێویستمان بە ئامۆژگاریکەران نییە. با ئەوانەی دژی قۆناخی تورکیای بێ تیرۆرن، دان بەوەدا بنێن کە ئایا دەیانەوێت تیرۆر کۆتایی بێت یان نا؟"
 
باخچەلی هەروەها گوتی: "هەنگاو بە هەنگاو لە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر نزیک دەبینەوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە تورکیا بگاتە لووتکە. کێشەی ئێمە نیشتمانە، نەتەوەیە، دەوڵەتە و یەکبوونی 86 ملیۆن کەسە لەژێر ئاڵای سووردا."
 
کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 سازکرد و تائێستا 14 کۆبوونەوەی کردووە و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەری کردووە. ئیی پارتی رەتیکردوەتەوە بەشداری لەو کۆمیسیۆنەدا بکات.