هاکان فیدان: پەیوەندیمان لەگەڵ هەولێر دیارە و راست نییە بە کوردۆفۆبیا تۆمەتبارمان بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا کە تا بەرەبەیانی چوارشەممە 11-12-2024 درێژەی کێشا، گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان گوتارێکی پێشکێشکرد و بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای گوت: کەی واز لە کوردۆفۆبیا (ترسان لە کورد) دەهێنن؟
هاکان فیدان لە وەڵامی ئەو پرسیار و رەخنانەی ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی سەبارەت بە سیاسەتی ئەنقەرە لە سووریا گوتی: "یەکێک لە هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان سیاسەتی دەرەوەی ئێمە بە کوردۆفۆبیا وەسف دەکات و دەڵێت کەی واز لەمە دەهێنن؟ بێگومان ئەمە بە تەواوی رەتدەکەمەوە. ئێمە لە دژی یەک رێکخراوی تیرۆریستین، بەڵام پەکەکە لە دژی تەواوی پارتەکانیانە، شوێن هەیە پەکەکەی لێ بووبێت و پارتە کوردییەکانی دیکەی لەنێو نەبردبێت و داینەخستبن؟ لەڕووی مێژوو و ئامارەوە روونە کە کێ کوردۆفۆبیای هەیە و دژی قەوارە کوردییەکانە؟".
فیدان هەروەها باسی لەوە کرد لە سووریا لەگەڵ ئەو نوێنەرە سیاسییانەی کورد پەیوەندییان باشە و ئەوانی بە نوێنەری رەوا وەسف کرد.
هەروەها سەبارەت بە رەخنەی دژایەتیکردنی کورد لەلایەن ئەنقەرەوە گوتی: "لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەولێر دیارە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ نوێنەرانی رەوای سیاسیی کورد لە سووریا روونە، ئێوە دوژمنداریی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی چەکیان لە دژمان هەڵگرتووە بە کوردۆفۆبیا دەناسێنن کە ئەمە لەگەڵ واقیع ناگونجێت".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن لە سووریا دژایەتی هیچ قەوارەیەکی کوردی نەکات و هاوئاهەنگی لەنێوان تورک و کورد دروست بکات, بەڵام حکومەتی تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە باڵی پەکەکە دەناسێنێت و وەکو 'رێکخراوی تیرۆرستی' ناوی دەبات. ئەمە لەکاتێکدایە هەسەدە هاوپەیمانی ئەمریکایە؛ ساڵانە لە پێنتاگۆنەوە بودجەی تایبەتی هەیە و پشتیوانیی سەربازیشی لەوێوە بۆ دەنێردرێت.