لە جۆلەمێرگ دەست بەسەر 18 کیلۆ زێڕی قاچاخ دا دەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی جەندرمەی پارێزگەی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێکیان پشکنی و دەستیان بەسەر 18 کیلۆ زێڕی قاڵبدا گرت.
هەڵمەتەکە ئێوارەی دوێنێ (سێشەممە، 10-12-2024) لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگەی جۆلەمێرگ ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی تیمەکانی جەندرمە، بەر لە هەڵمەتەکە هەواڵ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەوە دراوە. زانیاری دراوە کە لە دەروازەی سنوورییەوە چووەتە باکووری کوردستان و ئەو زێڕانەیان بە قاچاخ پەڕاندووەتەوە، بەڵام هێشتا روون نییە لە کام دەروازەوە بووە.
بەگوێرەی گوتەی جەندرمە، لەکاتی پشکنیندا ئەو زێڕانەیان لە نێو چەند پێڵاوێک و بەشە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلەکە دەرهێناوە.
پارێزگای جۆلەمێرگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی ئۆتۆمبێلەکەیان پێبووە، دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
زێڕەکان هەموویان قاڵبی کیلۆیی بوون و ئامادەکراون بۆ ئەوەی ببرێنە ئەورووپا.
جەندرمە هەروەها گوتی، بەهای ئەو 18 کیلۆ زێڕە، 54 ملیۆن لیرەی تورکییە کە دەکاتە نزیکەی 1.5 ملیۆن دۆلار.