تورکیا بە یاسا شەڕی جگەرە و قەڵەوی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا قۆناخێکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و خواردنی ناتەندروست دەستپێدەکات؛ وەزیری تەندروستی رایدەگەیێنێت، پڕۆژەیاسایەکی نوێ بەڕێوەیە بۆ پەرلەمان کە رێوشوێنەکان دژی جگەرەکێشان لە شوێنە داخراوەکان تووندتر دەکات.
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند، بە رەزامەندیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رێکارە یاساییە نوێیەکان لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تووتن، ئاڵوودەبوونی دیجیتاڵی و خواردنی ناتەندروست لە ماوەیەکی کورتدا دەبرێنە پەرلەمان.
وەزیری تەندروستیی تورکیا گوتی: "پێویستە بەرەنگاربوونەوە لەم بوارەدا زۆر کاریگەرتر بکەین. جگە لە کلینیکەکانی وازهێنان لە جگەرە و تیمە گەڕۆکەکانمان، لەڕووی یاساییشەوە کار دەکەین."
بە گوتەی مەمیشئۆغڵو، پڕۆژە هاوبەشەکەیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر پرسی تووتن، خۆراک و شەکر لە قۆناخی کۆتاییدایە. ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە بریتییە لە "زیادکردنی پشکنینەکان" و سنووردانان بۆ بەکارهێنانی شەکر و بەرەنگاربوونەوەی کێشی زیادە لە رێگەی وەرزش و پزیشکی خێزانییەوە.
خزمەتگوزاریی تەندروستی
وەزیری تەندروستیی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان "دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە" و باسی لە پێشکەوتنی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەی کرد: "لە 24 ساڵی رابردوودا گەشەکردنێکی گەورەمان هەبووە و ئێستا لە 160 وڵاتەوە خەڵک بۆ وەرگرتنی چارەسەر دێنە تورکیا."
وەزیری تەندروستی دووپاتی کردەوە کە گەورەترین ئامانجیان دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە و جەختی لەسەر زیانەکانی تووتن و بەرهەمە ئالوودەکارەکانی دیکە کردەوە.
هەروەها گرنگیی وەرزشی بۆ رزگاربوون لە کێشی زۆر و زیادە وەبیرهێنایەوە و گوتی، لەم بوارەدا پشت بە پزیشکانی خێزانی و سەنتەرە تایبەتەکان دەبەستن.