سەرۆکی جەهەپە: دەبێت هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری پرسی کورد بنرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایدەگەیێنێت، نابێت دۆخی ناوچەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەبێت و دەڵێت: "دەبێت هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری پرسی کورد بنرێت."
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە ئەنقەرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و تێیدا باسی لە گرژییەکانی نێوان هێزەکانی دیمەشق و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کرد.
ئۆزەل رایگەیاند: "وەک جەهەپە داکۆکی لە یەکپارچەیی و سەقامگیریی خاکی سووریا دەکەین. پابەندبوون بە رێککەوتنی 10ی ئادار بە گرنگ دەزانین و دەمانەوێت لایەنەکان بەبێ پێکدادان، لەسەر مێزی گفتوگۆ رێکبکەون."
سەرۆکی جەهەپە داوای لە ئەنقەرە کرد رێگەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر و دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەری بێ شەڕ و پاراستنی مەدەنییەکان.
ئۆزەل گوتی: "نابێت ئەم دۆخە پرۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی پەک بخات. دەبێت هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری پرسی کورد بنرێت. پێویستە تورکیایەکی بێ تیرۆر و دیموکراسی بە زووترین کات دابمەزرێت."
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی سووریا، ئۆزەل هۆشداری دا لە پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ نێو ژینگەی شەڕ و بە پێویستی زانی "لە سووریا سیستمێکی دیموکراسی دابمەزرێت کە تێیدا هەموو ئایین و ناسنامە جیاوازەکان لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئازادی بژین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی ئێران دەکەن و جەختی لەسەر "دەستوەردانی زۆر و کردنە ئامانجی خەڵک" کردەوە.