ئەردۆغان: جەهەپە ناتوانێت بمانوەستێنێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا جەهەپەی بە فاشیست ناوبرد و رایگەیاند، ئەوان توانای وەستاندنی رێبازی ئاکپارتییان نییە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی تایبەت بە رێکخستنەکانی پارتەکەیدا، رەخنەی تووندی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت بەوەی رۆژی چوارشەممە ئاستەنگیان لەبەردەم سوێندخواردنی دوو وەزیرە تازەکە دروستکردووە.
 
ئەردۆغان لەبارەی ئەو شەڕە مستەی دوێنێ لە کاتی سوێندخواردنی دوو وەزیری نوێ لە نێوان ئاکپارتی و جەهەپە دروست بوو، گوتی:" هەتا ئاستەنگ بخەنە بەردەم سوێندخواردنی وەزیرە تازەکەمان، هەموو جۆرە یاخیبوونێکیان بە داگیرکردنی سەکۆی گەلەوە، گرتەبەر. ناتوانن ئاستەنگی بۆ دروست بکەن و بیوەستێنن. نە دەست و بازووتان و نە هێزتان بەشی وەستاندنی ئەم رێبازە ناکات ئۆزگور! باشە ئەگەر ئاسوودە بوونایە و سوێندخواردنەکە بە جوانی بەرێوەچووبا نەدەبوو؟ دەبوو بەڵام لای ئەوانە تێگەیشتنی دیموکراسیانە نییە. ئەوانە واز لە تێگەیشتنی فاشیستانە ناهێنن، چونکە چووەتە نێو مۆخیان". 
 
رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا بڕیاربوو رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئاکن گورلەک، وەزیری نوێی داد و مستەفا چفتچی، وەزیری نوێی ناوخۆی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی جەهەپەوە پشێوی دروستبوو.
 
جەهەپە رایگەیاند، دەستنیشانکردنی ئاکن گورلەک "نادەستوورییە"، بەو پێیەی هێشتا لە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بەردەوامە و دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە.
 
لەو کاتەی ئاکن گورلەک ویستی بچێتە سەر سەکۆی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی جەهەپە هەوڵیان دا رێگری لێبکەن و دەستیان بەسەر سەکۆکەدا گرت، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی ئاکپارتی (AKP) بۆ پاراستنی وەزیرەکان، لەبەردەم سەکۆکەدا دیواری مرۆییان دروستکرد.
 
بەهۆی ئەو دۆخەوە، گرژییەکان تەشەنەیان سەند و شەڕەبۆکس لەنێوان پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات روویدا.
 
سەرەڕای گرژییەکان، دواجار ئاکن گورلەک وەکو وەزیری داد و مستەفا چفتچی وەکو وەزیری ناوخۆ، سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون.