پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ: ترەمپ هانی کوردی ئێران دەدات دژی تاران رابپەڕن


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـی تورکیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات دژی حکومەتی تاران بوەستنەوە و دەڵێت: "هیچ کوردێک لەپێناو بەرژەوەندیی ئەمریکا، لە دەوڵەت و گەلی خۆی یاخی نابێت."
 
سوعاد کڵچ، گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، ئێوارەی سێشەممە 10-3-2026 لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد و گوتی: "ترەمپ پەیامی بۆ کوردی ئێران هەیە و هانیان دەدات بۆ ئەوەی دژی دەوڵەت، سیستم و ئاڵاکەی خۆیان راپەڕین بکەن."
 
گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێز لە سەروەریی ئەو وڵاتانە بگرن کە تێیدا دەژین و نەکەونە نێو "یاریی هێزە جیهانییەکانەوە". کڵچ گوتیشی: "ئەو بانگەوازانەی لەلایەن بەڕێز باخچەلی و دەم پارتییەوە کران، ئێمەش لەم سەکۆیەوە نوێیان دەکەینەوە."
 
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پرسی هاندانی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بووە رۆژەڤ، هەرچەندە دواتر ترەمپ پاشگەزبووەوە و رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نییە کورد بچنە نێو شەڕێکەوە کە زیانیان پێبگات.
 
بابەتی هاندانی کوردانی رۆژهەڵات لەلایەن واشنتنەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لە نێو لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا لێکەوتووەتەوە.