دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە بەهای کۆمپانیایەکی بەرگریی تورکیا دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، بەهای پشکەکانی ئاسەلسان، کە کۆمپانیایەکی گرنگیی بەرگریی تورکیایە، دابەزین.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند کە لە رۆژانی 5-7ـی ئایاری ئەمساڵ لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.
بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری کاردانەوەی لێکەوتەوە و کاری کردە سەر بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانی بواری بەرگری لە تورکیا، لەوانەش پشکەکانی ئاسەلسان کە، هەر دوای بڕیارەکە 9٪ی پشکەکانی دابەزی.
ئەسەلسان یەکێکە لە کۆمپانیا گرنگەکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا. داهاتەکەی 3.4 ملیار دۆلارە. 500 جۆر بەرهەمی هەیە، 22 هاوبەشیی دەرەکی و 18 هاوبەشی نێوخۆیی هەیە.
کۆمپانیاکە 12 هەزار کارمەندی هەیە و بەرهەمەکانی بۆ 92 وڵات هەناردە دەکات.