قەبارەی خێزان لە تورکیا و باکووری کوردستان بچووکتر دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، قەبارەی خێزان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت. پارێزگای شرنەخ بەرزترین و دێرسم نزمترین تێکڕای قەبارەی خێزانیان تۆمارکردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی ئایاری 2026، دامەزراوەی ئاماری تورکیا توێژینەوەی "خێزان بەپێی ئامارەکان" بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، کە تێیدا گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکانی خێزان خراونەتەڕوو.
 
داتاکان دەریدەخەن، تێکڕای قەبارەی خێزان لە ساڵی 2008ـدا چوار کەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2025ـدا بۆ 3.08 کەس دابەزیوە. لە بەرامبەردا، رێژەی ئەو کەسانەی بە تەنیا دەژین (خێزانی یەک کەسی) لە 13.9%ـەوە بۆ 20.5% بەرزبووەتەوە.
 
هەروەها رێژەی "خێزانی ناوکی" (ژن و مێرد و منداڵەکانیان) لە 67.4%ـەوە بۆ 62.7% دابەزیوە، "خێزانی فراوان"یش (کە چەند نەوەیەک پێکەوە دەژین) بۆ 13.5% کەمیکردووە.
 
لە سەر ئاستی پارێزگاکان، شارەکانی باکووری کوردستان لە پێشەنگی قەبارەی خێزاندان:
 
  - شرنەخ: بەرزترین تێکڕا (4.84 کەس بۆ هەر خێزانێک).
  - رووها: (4.63 کەس).
  - ئێلیهـ: (4.43 کەس).
  - دێرسم: نزمترین تێکڕای خێزانی لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان تۆمارکردووە کە تەنیا (2.49 کەس)ـە.
 
ئامارەکان دەریدەخەن کە 41.9%ـی خێزانەکان لانیکەم یەک منداڵی خوار 18 ساڵیان هەیە. پارێزگای رووها بە رێژەی 68.2% لە پلەی یەکەمدایە و دێرسم بە 27.3% لە کۆتایی لیستەکەدایە.
 
لە پرسی جیابوونەوەشدا، لە ساڵی 2025ـدا زیاتر لە 193 هەزار هاوژین جیابوونەتەوە. سەرپەرشتیی منداڵان لە 74.6%ـی حاڵەتەکاندا دراوەتە دایک و 25.4%ـی دراوەتە باوک.
 
بەساڵاچووان و ژیان لە تەنیاییدا
 
نزیکەی لە هەر چوار خێزان یەکێکیان (26.1%) لانیکەم ئەندامێکی بەساڵاچووی (سەروو 65 ساڵ) هەیە. ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی بە تەنیا دەژین لە ماوەی 10 ساڵدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 836 هەزار کەس، کە زۆرینەیان (73.5%) ژنانی بەساڵاچوون.
 
رێژەی هەژاری لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە 20.6%. ئامارەکان دەریدەخەن کە خێزانە فراوانەکان (ئەوانەی کەسانی دیکە جگە لە دایک و باوک و منداڵ پێکەوە
دەژین) هەژارترینن و 27.1%ـیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
 
سەبارەت بە نیشتەجێبوون، 57.1%ـی خەڵک خاوەنی خانووی خۆیانن و 27%ـیان کرێچین. کێشەی کوالێتیی خانوو هێشتا بەردەوامە؛ بە جۆرێک 28.8%ـی دانیشتووان کێشەی دڵۆپەکردنی سەقف و شێداریی دیواریان هەیە و 27.9%ـیش بەهۆی خراپیی دابڕکەری گەرماوە کێشەی سەرمایان هەیە.