گۆڕانخوازانی جەهەپە دەگەنە بەردەم بارەگای سەرەکی پارتەکەیان لە ئەنقەرە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو کە ئەندامی جەهەپەیە و رۆژی 3-7-2023 لە پارێزگای بۆڵوەوە دەستی بە رێپێوانی بەناو 'گۆڕان و دادپەروەری' کرد، پلانی وایە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-7-2023 بگاتە بەردەم بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە و داوا لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بکات، دەستلەکاربکێشێتەوە.
تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو لە رێپێوانە 10 رۆژییەکەیدا لێدوانی زۆری لەبارەی جەهەپە داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی رێپێوانەکەی لابردنی کڵچدارئۆغڵووە لە بەڕێوەبردنی پارتەکەی. بەگوێرەی پلانی رێپێوانەکە، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گۆڕانخوازانی نێو جەهەپە کە دەیان کەس دەبن بە سەرکردایەتیی تانژو ئۆزجان دەڕۆنە بەردەم بارەگای پارتەکەیان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی ساز دەکەن.
رۆژی سێشەممە، تانژو ئۆزجان گوتی، "رێپێوانی 'گۆڕان و دادپەروەری' ئێستا لەنێو ئەنقەرەیە. سبەی ئێوارە لە بەردەم بارەگای جەهەپە دەبین و دەمێنینەوە. تکایە بەردەم بارەگای پارتەکەمان بۆ چۆڵ بکەن؛ پەیاممان دەبێت و روونی دەکەینەوە کە بۆچی گۆڕانکاری پێویستە و بۆچی دەبێت کڵچدارئۆغڵو دەستلەکار بکێشێتەوە."
تانژو ئۆزجان رایگەیاند، ئەگەر کڵچدارئۆغڵو رێگەی بدات، دەڕواتە لای و لە کۆبوونەوەیەکدا هەموو ئەو هۆکارانەی بۆ روون دەکاتەوە کە دەریدەخەن بۆچی دەبێت گۆڕانکاری لە جەهەپە دروستبێت.
پارتی گەلی کۆماری (CHP) ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دامەزراوە. ئەو پارتە ئێستا بە گەورە پارتی ئۆپۆزیسیۆن دەناسرێت.
سەرۆکەکانی جەهەپە
1922-1938؛ مستەفا کەمال ئەتاتورک
1938-1972؛ عیسمەت ئینۆنو
1972-1980؛ بولەنت ئەجەڤید
1980-1992؛ جەهەپە داخرا (کودەتا)
1992-1995؛ دەنیز بایکاڵ
1995-1999؛ دەنیز بایکاڵ
1999-2000؛ ئاڵتان ئۆیمەن
2000-2010؛ دەنیز بایکاڵ
2010- تا ئێستا؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو