ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: رۆژەڤی بنەڕەتیی کۆبوونەوەکانمانە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکانیاندا رۆژەڤی بنەڕەتییانە.
لە دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەرێوەبردنی ئاکپارتی کە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
چەلیک گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی راپەڕاندن و ناوەندی بڕیار و بەرێوەبردنی پارتەکەماندا، یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی رۆژەڤمان، تورکیای بێ تیرۆرە. تەواوی کارەکانمان لە بابەتی تورکیای بێ تیرۆر بە هەستیارییەوە جێبەجێ دەکەین و بە رۆژژمێر و ستراتیژییەکی گونجاوەوە درێژەیان پێدەدەین. لە پەرلەماندا لیژنە کاری دەکات".
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها جەختیکردەوە، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەواوی ئەو هێزانە دەگرێتەوە، کە سەر بەو رێکخراوەن و گوتی: "رۆژەڤ چەکدانان و سووتاندنی چەکەکانە. جگە لەمە بە هیچ جۆرێک داواکاریی جیاواز و گۆڕانکاریی جێی باس نییە. ئەگەر جگە لەمانە هەر هەنگاوێک بنرێت، هیچ رۆڵێکی ئەرێنیی بۆ پرۆسەکە نابێت".
ئەمە لەکاتێکدایە لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی.