باخچەلی داوا دەکات ئەحمەد تورک بگەڕێتەوە سەر کارەکەی
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، داوای گەڕاندنەوەی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردینی دەم پارتی کرد. ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ئەحمەد تورک لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و قەییوم لە شوێنی دانراوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا کە ئەمڕۆ هەینی، 12ی ئەیلولی 2025 لە میدیای تورکیا بڵاوکراوەتەوە، دەوڵەت باخچەلی باسی لە پرسە گەرمەکانی رۆژ کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە "لە چوارچێوەی کار و خەباتی تورکیایەکی بێ تیرۆردا، هەموارکردنەوەی یاسایی چۆن دەکرێت؟"، ئاماژەی بە دۆخی ئەحمەد تورک و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵی جەهەپە کرد کە ئێستا دەستبەسەرە.
باخچەلی رایگەیاند: "ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک کە بڵێین پێداویستییەکانی پێکەوەژیان چین. کۆمیسیۆنی پەرلەمان بە شێوەیەکی بەرهەمدارانە بەردەوامە لە کارەکانی. ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین بوو، بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. یەکێکە لەو کەسانەی کە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا، لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکەدا بەشداریی کردووە. لە بەرامبەر دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بۆ سەر کارەکەی بگەڕێندرێتەوە. پێویستە بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتی."
رۆژی 4-11-2024 بە بڕیاری وەزارەتی نێوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانران.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەییومی گەڕاندووەتەوە بۆ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورک بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە. هەروەها لە دۆسیەی کۆبانێ، لە دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە تۆمەتبار کراوە.
باخچەلی هەروەها سەبارەت بە ئەحمەد ئۆزەر گوتی: "پێویستە ئەحمەد ئۆزەریش ئازاد بکرێت. ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان جووڵەی نایاسایی هەبێت، ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام باسکردنی هەندێک بۆچوونی خۆی لەبارەی پەکەکەوە لەگەڵ رای گشتی، بابەتێکی دیکەیە. ئەگەر تورکیا چووەتە نێو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت. ئەگەر دۆخێکی وەکو گەندەڵی هەبێت، دەبێت سزای پێویستیش وەربگرێت. پێویستە ئەم دوو بابەتە لە یەکدی جیا بکەینەوە."
ئەحمەد ئۆزەر، کوردە و سەر بە جەهەپەیە، بەیانی رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە. رۆژێک دواتر جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی وەکو بریکار دەستبەکار بوو.
باخچەلی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە دادگاییکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی دیکەی جەهەپە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا تەواو ببن و ئەگەر تۆمەتبار نەبن، ئازاد بکرێن.