دادگەییکردنی ئیمامئۆغڵو بۆ 20ی تشرینی یەکەم دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە ئێستا لە زیندانە، رۆژی هەینی 12-09-2025 برایە دادگە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2025 دواخرا.
 
ئەو دۆسیەیەی یەکەمجار دادگەیی لەسەر کرا، ساختەکاری لە بڕوانامە بوو.
 
سەرۆک و بەرپرسانی باڵای جەهەپە، ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە، کەس و کاری ئیمامئۆغڵو و هاوڕێیانی زانکۆی ئامادەی یەکەمین دانیشتنی دادگەیی بوون.
 
ئیمامئۆغڵو لەبارەی تۆمەتنامەکە: پەیوەندییان بە منەوە نییە
 
ئیمامئۆغڵو وەڵامی پرسیاری دادگەی لەبارەی "پێشینە" دایەوە و گوتی، "سوپاس بۆ خودا هیچ سزایەکی پێشینەم نییە."
 
لە دۆسیەی بڕوانامەکەیدا، دادوەر یاداشتنامەی تۆمەتبارکردنەکەی خوێندەوە، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو گوتی: "هیچ شتێک لەوەی باسی دەکەی، پەیوەندی بە منەوە نییە."
 
ئیمامئۆغڵو کە هەر لە سەرەتاوە پرۆسەکە بە سیاسی و دروستکراو ناودەبات، گوتی، "ئەمڕۆ 12ی ئەیلوولە؛ 12ی ئەیلوول لە یادەوەریی کۆمەڵگەی تورکیادا بیرخەرەوەی کودەتایە؛ سەربازی بێ، سڤیل بێ، سیاسی بێ یان لە رێگەی دەسەڵاتەوە بێ، یان لەلایەن کۆمەڵگەیەکی نزیکەوە لە دەسەڵاتەوە هان بدرێ. سەرکۆنەی هەموو کودەتاکان، ئەنجامدەرانیان، چەپڵەلێدەرەکانیان، هاندەرەکانیان و پشتیوانەکانیان دەکەم."
 
ئیمامئۆغڵو لە مێزەکەی بەردەمی خۆی دا و گوتی، "ئەوەی لێرە دەگوزەرێت، سزادانە؛ سزادانێک بە بێ پرۆسەی دادگەیی. لێرە هەوڵ دەدەن ترس دروست بکەن. وا دەزانن لە زیندانەکاندا دەتوانن بێدەنگمان بکەن. هەرچەندە زۆریش بیانەوێ، ناتوانن بێدەنگمان بکەن. هەموو کەسێک با سەیری ئاوێنە بکات و بڵێت هیوا لێرەیە. 70٪ی وڵاتەکە دەڵێت 'هیچ هیوایەکم بە داهاتوو نییە'. بەڕێز دادوەر، ئێستا خەڵک بەدوای باشەدا ناگەڕێن؛ هەوڵ دەدەن لە خراپە رابکەن. ئەوانەی باوەڕ بەم دۆسیەی بڕوانامەیە ناکەن 75%ـە."
 
محەممەد پەهلیڤان، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵوە و دەستبەسەرە. ئەو پارێزەرە سەرەتا بڕیار وابوو لە گرتووخانەوە و لەڕێی دەنگ و رەنگ بەرگری لە بریکارەکەی بکات، بەڵام رەتیکردەوە و رایگەیاند، لەکاتێکدا دەستبەسەرە و دەرفەتی ئەوەی نییە ئیمامئۆغڵو ببینێت، نایەوێ بەشداری بکات و داوایکرد دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت لە هۆڵی دادگە ئامادە بێت.
 
دادگاکە داواکەی محەممەد پەهلیڤان، پارێزەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی رەتکردەوە و رایگەیاند، بۆ دانیشتنی داهاتووش هەر دەتوانێ لە رێگەی دەنگ و رەنگەوە بەشدار بێ.
 
دانیشتنەکە بە بڕیاری دادوەر، بۆ کاژێر 11:00ی رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2025 دواخرا.
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە دوو هەڵبژاردنی شارەوانی (2019 و 2024)دا بە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرا.
 
ئیمامئۆغڵو رۆژی 19ی ئاداری 2025 دەستگیرکرا و رۆژی 23-3-2025 بە بڕیاری دادگە خرایە گرتووخانە. هەمان رۆژ لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیاوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە. 
 
ئیمامئۆغڵو چەند تەمەتێکی وەک ساختەکاری لە سیستمی خوێندن و بڕوانامە، وەرگرتنی بەرتیل، بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و ژمارەیەک تۆمەتی دیکەی دۆسیەی لەسەر کراوەتەوە.