ئەردۆغان: پێشهاتەکانی حەلەب دەرفەتێکی مێژوویین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، پێشهاتەکانی حەلەب "دەرفەتێکی مێژوویی"ـیان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار رەخساندووە و دەشڵێت: پاککردنەوەی شارەکە لە یەپەگە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئاشتیی سووریا.
رۆژی دووشەممە 12-01-2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی (AKP) لە ئەنقەرە، لەبارەی دۆخی سووریا و حەلەب قسەی کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، هەموو رێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هیچ دۆخێک دروست نەبێت هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات و گوتی: "پاککردنەوەی حەلەب لە توخمەکانی یەپەگە، لە رووی دامەزراندنی ئاشتی، ئارامی و ئاسایشی هەمیشەیی لە سووریادا دەستکەوتێکی گرنگە."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە هەڵوێستی حکومەتی سووریا کرد و گوتی: "سەرەڕای داواکارییە ناژیرانەکانی درێژکراوەی یەپەگە لە سووریا، حکومەتی سووریا بە تێگەیشتنێکی گشتگیرەوە مامەڵەی کردووە؛ بەردەوامبوونی ئەم نزیکبوونەوەیە لە بەرژەوەندیی گەلی سووریادا دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان جەختی لە مافی دراوسێیەتی کردەوە و گوتی: "ناتوانین رێگە بدەین برایەتیی نێوان تورک، عەرەب و کورد تێکبچێت، دەبێت پرۆسەکە بە هەستیارییەوە بەڕێوەببەین و ئاگاداری وروژاندنەکان بین."
سەرۆکی ئاکپارتی دووپاتیکردەوە کە پێشهاتەکانی حەلەب دەرفەتێکی مێژووییان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ــی ئادار رەخساندووە و تورکیا سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکانی لەم چوارچێوەیەدا.
پێشهاتەکانی حەلەب دوای ئەوە دێن کە شەشی ئەم مانگە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە 42 هەزار چەکدار و پاڵپشتی تانک و دەبابە و درۆن هێرشیان کرد سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەو شارە و دوای پێنج رۆژ کۆنتڕۆڵیان کرد کردن.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەم هێرشانە بە "پیلانێک بۆ لەنێوبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر" ناودەبات و رایگەیاندووە، هێرشەکان دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، حکومەتی دیمەشق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دێن.
لەلایەکی دیکەوە عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە هۆشداریدا کە ئەگەر "قەندیل دەستوەردان بکات"، هێرشەکان تەنیا لە حەلەب سنووردار نابن و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەگرنەوە.