تونجەر باکرهان: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە. 
 
تونجەر باکرهان ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026  لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێكی پێشکەش کرد. 
 
باکرهان بەشێکی گرنگی گوتارەکەی بۆ پێشهاتەکانی حەلەب تەرخان کرد و کاردانەوەی تووندی بەرامبەر هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان نیشان دا.
 
باکرهان، سەرنجی خستە سەر هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی شام بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و رووداوەکانی بە هەڵەبجە چوواند و گوتی: "ماوەی 10 رۆژە هەموومان چاو و گوێمان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بوو. لە کاتێکدا جیهان باسی لە چەتەگەرییەکانی ڤەنزوێلا و کاریبی دەکرد، لە تەنیشتمانەوە لە حەلەب، پرۆڤەی کۆمەڵکوژییەکی بێدەنگ ئەنجام درا."
 
ئاماژەی بەوەدا، "رژێمی شام و چەتەکانی سەر بە تورکیا، بۆ تەواوکردنی ئەو کارەی داعش نیوەچڵی کردبوو، کەوتنە جموجووڵ. کێشەی سووریا کورد نییە کە بەرگری لە خاکەکەی دەکات، عەلەوییەکان نین کە بەرگری لە باوەڕەکەیان دەکەن یان درووزەکان نین. کێشەی سووریا تێگەیشتنی فەرمانڕەوایەتیی سەلەفی، تاکڕەو و رەگەزپەرستانەیە. ئەو عەقڵە مایەپووچەیە کە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ تاوەکو 'کورد دایکی نەبینێت".
 
باکرهان گوتی: "ئەوەی بەرامبەر بەو ژنە شەڕڤانەی لە حەلەب لە باڵەخانەیەکەوە فڕێدرایە خوارەوە بێدەنگ بوو، هەروەها ئەوەی پشتیوانیی لە ئەنجامدەرانی ئەم وەحشیگەرییە کرد، رووی رۆژ نابینێت. با بە روونی و بێ پێچوپەنا دەریببڕم: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا. لێرەوە بانگ لەوانە دەکەین کە ئەو پلانە تاریکانە دادەڕێژن: ناتوانن بە هێشتنەوەی کورد لە 'چوارچێوەی کۆمەڵکوژی'دا، رژێمە رووخاوەکانتان لەسەر پێ بهێڵنەوە. ناتوانن بە پێشنیازکردنی کۆمەڵکوژیی کورد پلانە سیاسییەکانتان جێبەجێ بکەن، چونکە ئێمە رێگە بەوە نادەین".