لە تورکیا 2.5 ملیۆن خێزان ناتوانن پارەی کارەبا بدەن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 182 هەزار منداڵ لەو وڵاتە خێزانەکانیان توانای بەخێوکردنیان نییە. هاوکات زیاتر لە 2.5 ملیۆن خێزان پارەی کارەبایان بۆ نادرێت و هەشت ملیۆن کەسیش ناتوانن بیمەی تەندروستی بدەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 12-02-2026، وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا رێژەی بەدیهاتنی ئامانجەکانی ساڵی 2025 و پلانی ساڵی 2026ـی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئاستی هەژاری لە تورکیا و باکووری کوردستان قووڵ بووەتەوە و خەرجکردنی زیاتر لە 359 ملیار لیرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، نەبووەتە چارەسەری بنەڕەتی.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی هەژارییەوە خێزانەکانیان ناتوانن بەخێویان بکەن و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە لە خێزانەکانیان دووربخرێنەوە، گەیشتووەتە 182 هەزار و 997 منداڵ. ئەو منداڵانە لە چوارچێوەی پرۆژەی "پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و ئابووری"ـدا خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
 
وەزارەتەکە پێشبینی دەکات ژمارەی ئەو منداڵانە روو لە زیادبوون بکات و ئەمساڵ بگاتە 195 هەزار منداڵ، هەروەها بۆ ساڵانی 2027 و 2028 پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەکە بۆ نزیکەی 197 هەزار منداڵ دەکرێت.
 
قەرزدارانی بیمەی تەندروستی و کارەبا
 
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر قەرزەکانی بیمەی تەندروستیی گشتی (GSS) و خەرجیی کارەبا، کە وەک دوو ئاستەنگی گەورەی بەردەم هاووڵاتییان دەستنیشان کراون.
 
بەپێی داتاکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2025ـدا نەیانتوانیوە پارەی بیمەی تەندروستی بدەن و لە رێگەی هاوکاریی کۆمەڵایەتییەوە پارەکەیان بۆ دراوە، گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 217 هەزار و 937 کەس.
 
سەبارەت بە خەرجیی وزەش، راپۆرتەکە دەریخستووە کە 2.5 ملیۆن ماڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان توانای دابینکردنی پارەی کارەبایان نییە و لەو رووەوە پێویستیان بە هاوکاریی حکومەتە.