لە بنکەی ئینجەرلیک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئادانای تورکیا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و بانگەشەی ئەوە دەکرێت تەقینەوەیەک لە دەوروبەری بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک روویدابێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کاژێر 03:30ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 13-03-2026، لە خاڵێکی نزیک بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک، سەرەتا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و دوای ماوەیەکی کەم دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لە کاتی تەقینەوەکەدا رووناکییەکی بەهێزیان لە ئاسماندا بینیوە و هەستیان بە لەرزینێکی سووک کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا و فەرماندەیی بنکە سەربازییەکە، هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی تەقینەوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
بنکەی سەربازی و ئاسمانیی ئینجەرلیک، کە یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکانی ناتۆ لە ناوچەکەدا، لە ساڵی 1954 لە شارۆچکەی ئینجەرلیک سەر بە پارێزگای ئادانا کراوەتەوە. بنکەکە تەنیا 8 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری ئادانا و 56 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دوورە.