ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی کەشتییەکی تورکیا لە تەنگەی هورمز دا


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر و هەماهەنگی لەگەڵ تاران، یەکەمین کەشتیی وڵاتەکەیان توانیویەتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت. دەشڵێت، هێشتا 14 کەشتیی دیکەی تورکی لەوێ لە چاوەڕوانیدان.
 
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، شەوی پێنجشەممە، 12-03-2026، لە ئەنقەرە لەگەڵ رۆژنامەڤانان کۆبووەوە و تیشکی خستە سەر دۆخی کەشتییە تورکییەکان لە ناوچەی کەنداو و گوتی: "تەنگەی هورمز بە دۆخێکی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئێمە 15 کەشتیمان لەوێ هەبوو؛ یەکێک لە کەشتییەکانمان بەهۆی ئەوەی پێشتر بەندەرێکی ئێرانی بەکاردەهێنا، مۆڵەتمان بۆ وەرگرت و تێمانپەڕاند".
 
سەبارەت بە چارەنووسی کەشتییەکانی دیکە، ئۆراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا 14 کەشتیی خاوەن تورک لەوێ ماونەتەوە و گوتی: "لەو ناوچەیە بەرزترین ئاستی ئەمنیمان راگەیاندووە. لە رێگەی ناوەندی سەرەکیی گەڕان و رزگارکردنەوە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ کەشتییەکانمان. تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکیان نییە و لە چاوەڕوانیدان".
 
وەزیری گواستنەوەی تورکیا باسی لە کاریگەریی داخستنی تەنگەکە لەسەر بازرگانیی جیهانی کرد و ئاشکرای کرد، کە  ئێستا بەهۆی جەنگەوە نزیکەی 800 کەشتیی جیاواز لە تەنگەی هورمز گیریان خواردووە، کە لە نێوانیاندا 6 کەشتیی گەشتیاریی گەورە هەن و گەشتیارەکانیان تێدایە.
 
تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل)ەوە بووەتە ناوچەیەکی مەترسیدار و زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی کارەکانیان لەو ناوچەیەدا راگرتووە یان بە ناچاری چاوەڕێی رێگەیەک دەکەن بۆ تێپەڕبوون. تاران وەک کارتێکی گوشار کۆنترۆڵی تووندی بەسەر هاتووچۆی کەشتییەکاندا لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا سەپاندووە.