تورکیا رەتی دەکاتەوە هەڕەشەی داگیرکردنی لە ئیسرائیل کردبێت


رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە رایگەیاند، ئەو بانگەشانەی دەدرێنە پاڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بەوەی کە "تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی لە ئیسرائیل کردووە"، دوورن لە راستییەوە.
 
ناوەندەکە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026 لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە ئەو هەواڵانەی کە لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە ناڕاستن و رایگەیاند، ئەو دەربڕینانەی لە رای گشتیدا بڵاوکراونەتەوە، شێوێندراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو بانگەشانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دراونەتە پاڵ بەڕێز سەرۆککۆمارمان کە گوایە 'تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی لە ئیسرائیل کردووە'، بە تەواوی بێ بنەمان. ئەو بانگەشانەی لەو پۆستانەدا هاتوون، گوتارێکن کە لەگەڵ راستییەکاندا یەکناگرنەوە و ئامانجیان زیانگەیاندنە بە سەقامگیریی ناوچەکە."
 
تورکیا رۆڵی ئاشتی و سەقامگیری دەگێڕێت
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست، جەختی لەسەر هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش کردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەپێی نەریتی مێژوویی دەوڵەتداری و دیدگەی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.
 
ئاماژە بەوەدرا، ئەولەویەتی تورکیا کۆتاییهێنانە بە پێکدادانەکان و پاراستنی خەڵکی سڤیلە و رایگەیاند، "کۆماری تورکیا، بەپێی نەریتی دەوڵەتداریی سەدان ساڵە و دیدگای خۆی، هەمیشە رۆڵێکی پێشەنگی گێڕاوە بۆ راگرتنی خوێنڕشتن، پاراستنی خەڵکی سڤیل و دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە هەموو جوگرافیاکاندا، بەتایبەتی لە ناوچەکەماندا."
 
جەختکردنەوە لەسەر دیپلۆماسی و یاسای نێودەوڵەتی
 
ناوەندەکە، تیشکی خستە سەر ئەو رێگایەی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان گرتوویەتییەبەر و رایگەیاند، یاسای نێودەوڵەتی و کەناڵە دیپلۆماسییەکان لەپێشینەدان. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ: "تورکیا لە چارەسەرکردنی قەیران و ناکۆکییە هەرێمییەکاندا هەمیشە یاسای نێودەوڵەتی و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لەپێشینە داناوە و هەڵوێستێکی هێورکەرەوەی نیشانداوە، نەک ئاڵۆزکەر."
 
باوەڕ بە ناوەڕۆکە چەواشەکارانەکان مەکەن
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست، لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا هۆشداریی دایە رای گشتی و ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی مرۆیی تورکیا دەشێوێندرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان، تورکیا بێ هیچ جیاوازییەک، ژیانی گەلانی ناوچەکە لە ئاسوودەیی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا لەپێشینە دادەنێت. نابێت باوەڕ بەو ناوەڕۆکە چەواشەکارانانە بکرێت کە هەوڵدەدەن خەبات و هەڵوێستی مرۆیی تورکیا بە شێواوی پێشان بدەن. وڵاتەکەمان، وەک دوێنێ، ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت لە بوون بە دەنگی دادپەروەری، ئاشتی و ژیری لە ناوچەکەیدا."