دەم پارتی: داهاتووی تورکیا لە ئاشتیدایە نەک شەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، چارەسەرکردنی پرسی کورد و دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، کێشەی بنەڕەتیی تورکیایە و داهاتووی تورکیا لە ئاشتیدایە نەک شەڕ.
 
دەم پارتی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026 راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە رۆژانی 11-12ی نیسان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگێندراون و جەخت لەسەر ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەریی ئابووری کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، چارەسەرکردنی پرسی کورد "پێویستییەکی مێژووییە."
 
شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: گەلان باجە هەرە گەورەکەی دەدەن
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پێکدادانە سەختەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەرییان دروستکردووە. باس لەوەش کرا، شەڕەکان لەسەر بنەمای دابەشکردنی وزە و هێز بەڕێوەدەچن.
 
ئەوەش خرایەڕوو، دەرەنجامەکانی شەڕ تەنیا سنووردار نین بە بەرەکانی جەنگەوە؛ بەڵکو وەک هەژاری، کۆچ، نائارامی و دەسەڵاتخوازی لە کۆمەڵگەکاندا رەنگدەداتەوە.
 
دەم پارتی جەختی کردەوە، داننان بە داواکارییەکانی گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری مەرجی پێشوەختەی ئاشتییە.
 
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناکرێت دوابخرێت
 
ئەنجوومەنی دەم پارتی رایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کورد و دابینکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، کێشەی بنەڕەتیی تورکیایە. باس لەوەش کرا، ئەم پرۆسەیە تەنیا هەڵبژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا پێویستییەکە بۆ بەدیموکراسیکردن و خۆشگوزەرانیی ئابووری.
 
لە راگەیێندراوەکەدا رەخنە لە کورتکردنەوەی پرۆسەکە بۆ سیاسەتی ئەمنی گیرا و ئەم داواکارییانە خرانەڕوو:
 
"رێکخستنەوەی یاسایی بخرێتە نێو کارنامەی پەرلەمان. لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتی. کۆتاییهێنان بە دانانی قەییومەکان و گەڕاندنەوەی هەڵبژێردراوان بۆ سەر کارەکانیان. ئەنجامدانی رێکخستنەوە بۆ زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەکاندا. دەرکردنی 'یاسایەکی ئاشتی' کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات."
 
هەروەها، داواکاری بۆ "دابینکردنی هەلومەرجی ئازاد و کاریگەری کارکردن" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان دووپاتکرایەوە.
 
ئاشتی و دیموکراسی لێک جیاناکرێنەوە
 
دەم پارتی، ئاماژەی بەوەدا، ئاشتی تەنیا بە واتای بێدەنگبوونی چەکەکان نییە؛ بەڵکو دەبێت لەگەڵ سەروەریی یاسا، ئازادیی رادەربڕین و هاووڵاتیبوونی یەکساندا تاوتوێ بکرێت.
 
جەخت لەوە کرایەوە، خەباتی ئاشتی و دیموکراسی تەواوکەری یەکترن و باس لەوە کرا، پێویستە ئەم پرۆسەیە ببێتە خەباتی هاوبەشی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
 
جەختکردنەوە لەسەر ژنان و قەیرانی ئابووری
 
لە راگەیێندراوەکەدا سەرنج خرایە سەر زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان و ئاماژە بەوەدرا، خەبات دژی سیاسەتە پیاوسالارانەکان بەردەوام دەبێت.
 
لە هەڵسەنگاندنی ئابووریدا باس لەوە کرا، تورکیا بە قەیرانێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و کرێکاران رووبەڕووی هەژاری بوونەتەوە. ئەوەش خرایەڕوو کە قەیرانەکە "ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانە" و ئاماژە بەوەدرا، بەبێ دیموکراسی، دادپەروەریی ئابووری دابین ناکرێت.
 
بانگەواز بۆ "خەباتی هاوبەش دژی زۆرداری"
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کرا، گوشارەکانی سەر ئۆپۆزیسیۆن زیادیکردووە و رەخنە لەو رێوشوێنانە گیرا کە لە رۆژنامەڤانانەوە تاوەکو سیاسەتڤانان، چین و توێژە بەرفراوانەکان دەکاتە ئامانج.
 
دەم پارتی، بانگەوازی بۆ خەباتی هاوبەش کرد دژی ئەو هەوڵانەی کە بواری سیاسەتی دیموکراتی بەرتەسک دەکەنەوە و رایگەیاند، بۆ یەکی ئایار بە دروشمی "نان، ئاشتی، دادپەروەری" دەچنە گۆڕەپانەکان و بانگهێشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد کە لە یەکی ئایاردا کۆببنەوە.
 
تورکیا لە دووڕیانێکدایە
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەم پارتی ئاماژە بەوەدرا، تورکیا لە ئاستێکی هەستیاردایە و بژاردەکانی "قووڵبوونەوەی بێچارەسەری و قەیرانەکان" و "چارەسەری دیموکراتی، لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و ئاشتی" خرانەڕوو.
 
دەم پارتی، جەختی کردەوە کە هەڵبژاردەی ئەوان "ئاشتی، دیموکراسی، رەنج و ئازادی"یە.