لە ماوەی ساڵێکدا لە تورکیا نرخی شیر و بەرهەمەکانی 60% بەرزدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ  

لە ئەوروپا لە ماوەی یەک ساڵدا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی شیر و بەرهەمەکانی لە تورکیا تۆمارکراوە. نرخی شیر و بەرهەمەکانی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە رێژەی 7% و لە تورکیا بە رێژەی 60% بەرزبووەتەوە. 
 
لە تورکیا رێژەی ساڵانەی هەڵاوسان بە فەرمیی بۆ 70% بەرزبووەتەوە. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە تورکیا نرخی شیر و بەرهەمەکانی بە رێژەی 50% بەرزبووەوە. 
 
کۆنسەی نیشتمانیی شیر لە تورکیا بڕیاریداوە لە رۆژی 15ـی ئایاری ئەمساڵدا نرخی شیری خاو بە رێژەی 32% بەرزبکاتەوە. 
 
بەمەش تورکیا لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا لە ریزبەندی یەکەم دێت لە بەرزبوونەوەی نرخی شیر و بەرهەمەکانی. 
 
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، لە تورکیا نرخی شیر، پەنیر و هێلکە بە رێژەی 60% بەرزبووەتەوە، ئەو بەرزبوونەوەیە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 7%ـە. 
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن دەستەی ئاماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان تشرینی یەکەمی 2021 بۆ نیسانی 2022 نرخی یەک لیتر شیر لە 7 لیرەوە بۆ 10.4 لیرە بەرزبووەتەوە. هەر لەو وادەیەدا نرخی یەک کیلۆ ماست لە 8.7 لیرە بۆ 13.2 لیرە بەرزبووەتەوە. نرخی یەک کیلۆ پەنیری سپی لە 32.8 لیرە بۆ زیاتر لە 50 لیرە بەرزبووەتەوە. 
 
بەوەش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا (تشرینی یەکەمی 2021 بۆ نیسانی 2022)دا، نرخی شیر بە رێژەی 50%، ماست بە رێژەی 52%، پەنیری سپی بە رێژەی 53%، پەنیری چەور بە رێژەی 42%، پەنیری قەیماخ بە رێژەی 47% و رۆنی کەرە بە رێژەی 34% بەرزبووەتەوە. 
 
بەگوێرەی داتاکانی نووسینگەی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا، لە ئەوروپاش نرخی شیر، پەنیر و هێلکە بەرزبووەتەوە. لە ئاداری 2021 بۆ ئاداری 2022 واتا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا تێكڕای بەرزبوونەوەی نرخی ئەو خۆراکانە لە 27 وڵاتی ئەندامی لە یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 7% بەرزبووەتەوە.