سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئیمارات پڕۆسەی چارەسەرییان تاوتوێکرد

13-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد. سەرۆکی ئیمارات دەڵێ، سەرخستنی پرۆسەکە رۆڵێکی ''گرنگی'' لە بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا دەبێت.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات قسەی کردووە.
 
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییدا هەنگاوی ''گرنگ''یان بۆ نەهێشتنی شەڕ و تووندوتیژی ناوە؛ هاوکات جەختی لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرۆکی ئیماراتیش گوتوویەتی، سەرخستنی پرۆسەکە رۆڵێکی ''گرنگی'' لە بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە دەبێت، هیواشی خواستووە تورکیا پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێنێت.
 
هەر لەو بارەیەوە میدیای فەرمیی ئیمارات بڵاویکردەوە، هەردوو سەرۆک "تاوتوێی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشیان لە هەموو ئەو بوارانەدا کرد کە گەشەپێدان و پێشکەوتن لە هەردوو وڵات بەهێز دەکەن و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکەن".
 
میدیای فەرمیی ئیمارات گوتی: "سەرۆکی ئیمارات و سەرۆککۆماری تورکیا تاوتوێی ژمارەیەک پرس و پێشهاتی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێگەی بایەخی هاوبەشیشان کرد و بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرد، لەسەرووی هەموویانەوە دوا پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ هەروەها هەردوولا جەختیان لە پەرۆشیی وڵاتەکانیان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە هەموو هەوڵ و کۆششەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی، بەشێوەیەک ببێتەهۆی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە".
 
میدیای فەرمیی ئیمارات باس لەوە دەکات، هەردوو سەرۆک جەختیان لە "گرنگیی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و رێکارە دیپلۆماسییەکانەوە، بەو پێیەی تاکە رێگەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
 
رۆژی هەینی، 11ی تەممووز، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان دانا. 
 
1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکدا بۆ تورکیا: ئارامیی سووریا ئارامیی ئێوەیە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، قۆناخی ئێستا قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکراسییە و ئامادەیی خۆیانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا دەربڕی