لە تورکیا فرۆشی خانووبەرە 12.4٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
فرۆشی خانووبەرە لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگی پار زیادیکردووە. لە ئیستەنبووڵ زۆرترین و لە ئەردەخانی باکووری کوردستان کەمترین خانوو و شوقە فرۆشراون.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 13 ـی ئابی 2025 داتاکانی پەیوەست بە فرۆشی خانووبەرەی لە تەمموزی 2025 بڵاوکردەوە.
داتاکان دەریانخستووە، لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی پار، رێژەی فرۆشتنی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان 12.4٪ بەرزبووەتەوە و ژمارەی ئەو خانوو و شوقانەی لەو مانگەدا فرۆشراون گەیشتووەتە 142 هەزار و 858 خانوو و شوقە.
ئیستەنبوول کە گەورەترین شاری تورکیایە، بە فرۆشتنی 23 هەزار و 152 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەمدا دێت. لەدوای ئەوە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە بە فرۆشتنی 12 هەزار و 491 لە پلەی دووەمدایە. ئیزمیر بە فرۆشتنی حەوت هەزار و 815 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدا دێت.
بەپێی ئامارەکان، کەمترین خانوو و شوقە لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان فرۆشراون، کە 58 خانوو بووە. دوای ئەردەخان، پارێزگای بایبورت ـی تورکیا بە فرۆشتنی 93 خانوو و شوقە لە پلەی دووەم جۆلەمێرگی باکووری کوردستانیش بە فرۆشتنی 103 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەم دێت.
رێژەی فرۆشتنی خانووبەرە بە هاووڵاتییانی بیانی لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە هەمان مانگی پار، 18.6٪ کەمیکردووە و بۆ هەزار و 913 خانوو و شوقە دابەزیوە.
هاووڵاتییانی بیانی زۆرترین خانووویان لە ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا و مێرسین ـی تورکیا کڕیوە. بیانییەکان لە ئیستەنبووڵ 643، لە ئانتاڵیا 642 و لە مێرسین 175 خانوو و شوقەیان کڕیوە.
هاووڵاتییانی رووسیا بە کڕینی 315 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەم، هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کڕینی 152 خانوو و شوقە لە پلەی دووەم و هاووڵاتییانی ئەڵمانیا بە کڕینی 135 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەمدا دێن.
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر بیانییەک 400 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵکێک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە.