دەم پارتی: پێویستە کۆمیسیۆن بە زووترین کات ئۆجەلان ببینێت
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت و بەزووترین کاتیش بەرنامەی چاوپێکەوتنەکە دابنرێت.
سەزای تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سەبارەت بە پێشهاتەکانی رۆژەڤ کرد.
تەمەللی گوتی: "پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان چاوی بە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت. پێویستە شاندێک سەردانی ئیمراڵی بکات. دەبێت ئەمە بە زووترین کات بەرنامەی بۆ دابنرێت. پێویستە ئەو شاندەی کە دەڕوات دیاری بکرێت."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، "هیوای ئێمە ئەوەیە شاندێکی بەهێز پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتیی هەموو لایەکی تێدا مسۆگەر کرابێت. لە پلەی یەکەمدا ئەو پارتانەی کە فراکسیۆنیان هەیە، تەنانەت رەنگە نوێنەرایەتی لەو پارتانەشەوە هەبێت کە فراکسیۆنیان نییە. ئەمە تەنیا بۆ یەکجار نییە؛ دەکرێت هاتووچۆیەکی رێکوپێک هەبێت. دابینکردنی ئەمانە داواکاریی ئێمەیە."
تەمەللی ئاماژەی بەوەشدا، ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە هەندێک سەکۆ یان بواری تایبەتدا راوێژیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، هەینی رابردوو رایگەیاندبوو، وا بڕیارە شاندێکی پێنج کەسیی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە.
لێدوانەکەی پەروین بوڵدان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکى فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن و کۆبوونەوە ئامادەکارییەکاندا بە سەرپەرشتیی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان، بابەتی چوونی ئیمراڵی هەرگیز گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و هیچ رێککەوتنێک بۆ ئەمە نییە.
پەروین بوڵدان رایگەیاندبوو، لەبەرئەوەی پێنج پارتی سیاسی لە پەرلەماندا گرووپیان هەیە، لە هەر یەکێکیان کەسێک دەچێتە ئیمراڵی، بەڵام سەبارەت بەو پارتانەی گرووپیان نییە، هیچ شتێکی روون نییە.
بوڵدان هەروەها گوتبووی، ئەگەری چوونی نوعمان کورتوڵموش بۆ دوورگەکە نییە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش پێشتر رایگەیاندبوو، شاندێک لە کۆمیسیۆنەوە دەتوانێت بچێتە ئیمراڵی و پەیامەکانی ئۆجەلان راستەوخۆ وەربگرێت.