سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: لەوانەیە نەتەنیاهوو دەست بە کۆمەڵکوژی بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسی بە هیوابەخش ناوبرد و هاوکات رایگەیاند، لەوانەیە نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی لە دوای واژۆکردنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، "دەست بە کۆمەڵکوژی" بکاتەوە. 
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی سێقۆڵیی سەرۆکی پەرلەمانەکانی ئازەربایجان، پاکستان و تورکیا کە رۆژی دووشەممە 13-10-2025 لە شاری ئیسلام ئاباد بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
 
دوای گفتوگۆی پەرلەمانتارانی سێ وڵاتەکە، نوعمان کورتوڵموش، سەردار ئایاز سادق، سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان و ساهیبا غافارۆڤا، سەرۆکی پەرلەمانی ئازەربایجان، "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد"یان واژۆکرد.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پەرلەمانتارانی سێ وڵات لە کۆبوونەوەی "بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی: هاوئاهەنگیی پەرلەمانی بۆ ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی" گفتوگۆی باش و ئەرێنییان لەسەر بابەتەکانی وەک بەرگری و ئاسایش، گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانی کەشوهەوا و مامەڵەکردن لەگەڵ کارەساتەکان سازکرد.
 
کورتوڵموش ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی بە هیوابەخش ناوبرد و گوتی: "سەرەتا وەستانی خوێنڕشتن، مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، گەیاندنی هەموو کۆمەکە مرۆییە پێویستەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک بۆ خە‌‌ڵکی غەززە و دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەگەڵ ساڕێژبوونی برینەکانی خوشک و برا فەلەستینییەکانمان، گەورەترین ئاواتمانە".
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی: "نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە، نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی دوای واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و ئازادکردنی بارمتەکان، بۆی هەیە دووبارە بگەڕێنەوە سەر کۆمەڵکوژی و هەنگاوە نامرۆڤانەکانیان. هەر بۆیە پێویستە ئەو گوشارە نێودەوڵەتییە بێ وچان بەردەوام بێت و ئاشتەوایی هەمیشەیی فەراهەم بکرێت".
 
کوڕتوڵمووش رایگەیاند، بڕیارەکان، بۆچوونەکان، مەبەستەکانیان بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و هاریکاریی نێوان پەرلەمانەکان، لە جاڕنامەی ئیسلام ئاباد کە واژۆیان کردووە، تۆمارکراون و هیوای خواست، کۆبوونەوەکە جگە لە هاوکاریی سێقۆڵی، بەشداری لە ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکەش بکات و ببێتە مایەی خێر.
 
لە کۆبوونەوەکەدا عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، عەلی شاهین، سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانی تورکیا و پاکستان و پەرلەمانتاری ئاکپارتی، عەبدولقادر ئۆزەل، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و عیرفان نەزیرئۆغڵو، باڵیۆزی تورکیا لە ئیسلام ئاباد ئامادەبوون.