تورکیا؛ فرۆشی خانووبەرە لە مانگی تشرینی یەکەمدا 0.5٪ کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند لە مانگی لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بەراورد بە هەمان مانگی پار، فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 0.5٪ کەمیکردووە و 164 هەزار و 306 خانوو و شووقە فرۆشراون. لەو مانگەدا کەمترین خانوو و شووقە لە ئەردەخان و دێرسمی باکووری کوردستان فرۆشراون. 
 
دامەزراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2025، ئامارەکانی فرۆشی خانووبەرەی مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـی بڵاوکردەوە.
 
ئیستەنبووڵ کە گەورەترین شاری تورکیایە، بە فرۆشتنی 26 هەزار و 305 خانوو و شووقە لە پلەی یەکەمدایە. دوای ئەویش ئەنقەرەی پایتەخت بە فرۆشتنی 14 هەزار و 681 خانوو و شووقە لە پلەی دووەم و ئیزمیریش بە فرۆشتنی 8 هەزار و 678 خانوو و شووقە لە پلەی سێیەمدایە.
 
بەپێی ئامارەکان، کەمترین خانووبەرە لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان فرۆشراون، کە ژمارەیان 86 خانوو و شووقەیە. دوای ئەردەخان، پارێزگای بایبورتی تورکیا بە 115 خانوو و شووقە لە پلەی دووەم و دێرسمی باکووری کوردستان بە فرۆشتنی 143 خانوو و شووقە لە پلەی سێیەمدایە.
 
رێژەی ئەو خانوو و شووقانەی بە بیانییەکان فرۆشراون لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە بەراورد بە هەمان مانگی پار 0.8٪  کەمیکردووە و بۆ دوو هەزار و 106خانوو و شووقە دابەزیوە. 
 
بیانییەکان زۆرترین خانوو و شووقەیان لە ئانتاڵیا، ئیستەنبووڵ و مێرسینی تورکیا کڕیوە. لە ئانتالیا 729، لە ئیستەنبووڵ 725، و لە مێرسین 192 خانوو و شوقەیان کڕیوە.
 
هاووڵاتییانی رووسیا بە کڕینی 315 خانوو و شووقە لە پلەی یەکەم، هاووڵاتییانی ئەڵمانیا بە کڕینی 191 خانوو و شووقە لە پلەی دووەم و هاووڵاتییانی ئێران و هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کڕینی 172 خانوو و شووقە لە پلەی سێیەمدان. 
 
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر بیانییەک 400 هەزار دۆلار لە تورکیا وەبەرهێنان بکات یان موڵکێک بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێت مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای هەیە.