جەنگیز چاندار: پرۆسەکە دەستیپێکراوە و هێشتاش هەر لە سەرەتایە

رووداو دیجیتاڵ

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئامەد، پێشکەوتنی پرۆسەی چارەسەریی بە نەخشەکێشی و پلانی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە گرێدا و رایگەیاند، هێشتا لە سەرەتای پڕۆسەکەدان و هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
 
لە پرۆگرامێکی تایبەتدا، جەنگیز چاندار قسەی بۆ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە رەخنەی گرت و گوتی: "تەنانەت لە یەکەمین پەرەگرافی سەرەتاداین. بەڕای من هێشتا لە سەرەتاشدا هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهاتووە. لە چەند رۆژی رابردوودا بەتایبەتی دوای کۆبوونەوەی ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و نوێنەرانی دەم پارتی لە پەرلەمان، هەروەها پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، کە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆمار، دڵخۆشکەر بوون.  هیواکانی زیندوو کردەوە. دواتر زمانی بەکارهاتوو لە گوتاری رابردووی سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا، ئەو هیوا و ئومێدەی بەهێزتر کرد."
 
چەنگیز چاندار هەروەها دەڵێت، "بەڵام لە هەمان کاتدا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سکاڵایەکی رەتکردەوە. ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک بابەتێکی نزیک و پێشبینیکراو و لێکدرایەوە. لێدوانەکانی هەریەک لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و فەتی یڵدز کە عەقڵی یاسایی پارتەکەیەتی و ئەندامی لیژنەیە، وایکرد بڕوا بکەین کە لەسەرەتای قۆناخێکی نوێداین، بەڵام بەشێوەیەکی کردەیی هێشتا هیچ شتێک لە ئارادا نییە".
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها ئاماژەی بە گوتەکانی دوڕان کاڵکان، بەرپرسی باڵای پەکەکە کرد و گوتی: "گوتەکانی دوڕان کاڵکان زۆر رەخنەئامێز بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت "چووینەتە قۆناخی دووەمەوە. بە وردی خوێندمەوە، چونکە هەوڵ دەدەم تێبگەم مەبەست لەو قۆناخی دووەمە چییە. بەو شێوەیەی لێی تێگەیشتم، بزووتنەوەی کورد ئەوەی کە پێویست بوو کردی، ئێستا تۆپەکە لای دەوڵەتە. چاوەڕێی هەنگاوێک لەوێوە دەکرێت، بەڵام ئەمە هێشتا رووینەداوە. ئەگەر دەپرسن "بۆچی؟" راستییەکەی منیش هەمان پرسیار دەکەم. لە کاتی گەڕان بەدوای وەڵام بۆ ئەم پرسیارەدا، دەگەمە ئەو دەرئەنجامەی کە لایەنی دەوڵەت هێشتا لە هەندێک هەنگاو دوودڵە. راستییەکەی ناتوانم هۆکارەکانی ئەم دوودڵییە بە تەواوی دیاری بکەم."
 
چاندار دەڵێت، "کۆمیسیۆنەکە هێشتا تەنیا تۆپ لە ناوەڕاستی یاریگا دەگوازێتەوە و کاری سەرەکیی خۆی نەکردووە. سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە، سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کوڕتوڵموش، لەمە ئاگادارە. ماوەیەک پێش ئێستا لە دیاربه‌کر پێکەوە بووین، لەوێ ئەویش گوتی کە لەم پڕۆسەیە ئاگادارە و کۆمیسیۆنەکە بەم زووانە کارەکانی تەواو دەکات و هەنگاو دەنێت".
 
جەنگیز چاندار: کۆمیسیۆن بۆ گۆڕانکاریی یاسایی لەپێناو گەڕانەوەی گەریلا دامەزرا
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هۆکاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە و هەنگاوە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر دوو بنەما پۆلین دەکات و دەڵێت:"یەکەمیان دانانی چوارچێوەی یاسای گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە. دووەمیش دەستبردنە بۆ هەندێک گۆڕانکاری لە یاسای جێبەجێکردندا. مەبەست لە یاسای گەڕانەوە، بە گوتەی خۆیان، کارکردنە لەسەر "رێکخراوی هەڵوەشاوە." مەبەست لەمەش ئەوەیە، کە ئەمە لێبووردنێکی گشتی نەبێت و بەم پێیەش رێکخستنێکی یاسایی جێبەجێکراو بۆ گەریلاکانی پەکەکە دابین بکرێت و ئەو رێکخستنە یاساییە چاوەڕوانکراوە دوای بانگەوازی دانانی چەک لە 11ی تەممووزدا جێبەجێ بکرێت. واتە دابینکردنی گەڕانەوەی هەزاران گەریلا بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیا. هەروەها، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە رێکخراوەکەوە هەبووە و لە دۆخی پەنابەرێتیدان، ئازاد بکرێن، بتوانن بگەڕێنەوە تورکیا و بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بکەن. کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەنجامدانی ئەم رێکخستنە یاساییانە دامەزرا.
 
چاندا دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت کارەکانی تەواو بکات، جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت کۆببێتەوە، گوێگرتنەکانی تەواو بکات، راپۆرتێک ئامادە بکات و دواتریش روو بکاتە کاری سەرەکی خۆی و هۆکاری دامەزراندنی".
 
ئەمانە لەکاتێکدان، کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دوایین کۆبوونەوەی سازبکات و کۆتایی بە پرۆسەی گوێگرتن بهێنێت، بچێتە قۆناخێکی دی. بەڵام بەهۆی رووداوی کەوتنی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی تورکیا لە وڵاتی جۆرجیا، کۆبوونەوەکە دواخرا.
 
چاندار سەبارەت بە خێرایی پرۆسەکە رایگەیاند: "ئەگەر ئەم پڕۆسەیە گەشە بکات، دەبێت بەشی سەرەتایی لە کانوونی دووەم یان شوبات بگاتە پەرلەمان، بەڵام ئەمە تورکیایە، بەبێ بینین بڕوا مەکە. هەر بۆیە دەڵێم هێشتا لە یەکەمین پەرەگرافی سەرەتاداین. تەنانەت نەچووینەتە خوارەوەی لاپەڕەی سەرەتاش. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر دوران کاڵکان، دەستەواژەیەکی زۆر گرنگ هەیە کە دەڵێ:"رێگەیەکی دیکە نییە، دەبێت ئەم پڕۆسەیە بگرینە ئەستۆ." هەر بۆیە، ئێستا جگە لەم پڕۆسەیە هیچ ئامراز و بەرنامەیەکمان بۆ چارەسەری پرسی کورد نییە".
 
"تەوقەکەی باخچەلی و بەرپرسانی دەم پارتی دەسپێکی پرۆسەکە نییە"
 
زۆربەی بۆچوونەکان کۆکن لەسەر ئەوەی رۆژی 1-10-2024 لەگەڵ چوونی باخچەلی بۆ لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەکردنی لەگەڵ هاوسەرۆکان و بەرپرسانی ئەو پارتە، پرۆسەی چارەسەری دووبارە دەستیپێکردەوە. 
 
بەڵام جەنگیز چاندار دەڵێ:"پێموایە مێژووی دەستپێکی ئەم پڕۆسەیە کەمێک زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دواوە. بەردەوام وادەبینرێت کە پڕۆسەکە لە سەرەتای خولی پێشوودا، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024، بە تەوقەکردن لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەستی پێکردووە. لە راستیدا نهێنییەکە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دواوە. دەبێت بڵێین کە ئەمە پڕۆسەیەکە کە خودی دەوڵەت دەستی پێکردووە. خاڵی پشتیوانی دووەمیش خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئۆجەلان لەو نووسینانەی کە دزەیان پێکراوە، دەڵێت لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە نا، بەڵکو لەگەڵ دەوڵەت کۆبووەتەوە و دەوڵەت لایەنێکی پرۆسەکەیە".
 
"پرۆسەکە لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵەوە دەستیپێکردووە"
 
جەنگیز چاندار لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەوە دەڵێت، "ئەگەر مێژووی دەستپێکردنەکەی بخەینە پێش 1ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەمە یەکەمین میکانیزمی پەیوەندیکردن نییە بۆ دەوڵەت. هەوڵێک هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا. قۆناخی تورگوت ئۆزاڵ هەیە. ئۆجەلان ئاماژە بە ساڵی 1993 دەکات. لە سەرەتای ساڵانی 2000دا قۆناخێک هەیە. قۆناخێکی دیکە کە تا ساڵی 2006 بەردەوام بوو، بەڵام لە نێوان ساڵانی 2009-2011دا 10 کۆبوونەوە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەرکردایەتیی پەکەکە بە زانیاریی ئۆجەلان بەڕێوەچوو. دواتر کۆبوونەوەکانی ساڵانی 2013-2015 هەیە کە هەمووان دەیزانن و روونە. لە هەموو ئەمانەدا دەوڵەت ئامادە بوو".
 
چاندار سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ بۆچی پرۆسەکە مەودای پێویستی نەبریوە گوتی:" نەخشەڕێژیی ئەردۆغان بە وردی نازانین. پلانێک لە مێشکیدا هەیە و ئەگەر بیەوێت بەپێی ئەم پلانە هەنگاو بنێت ئەگەر ئەمە فریودان نەبێت، کە بەردەوام و بە لەسەرخۆیی لە هەموو بۆنەیەکدا دەڵێت وا نییە و ئەگەر سەرنج بدەن، لە گوتاری کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، پاشان گوتارەکانی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا، زمانێکی جیاوازتر و ئەرێنیتر بەکاردەهێنێت، بەراورد بە گوتارەکانی ساڵێک پێش ئێستا. بۆیە، ئێمە ئەو گوتانە وەردەگرین، کە زیاتر ئاماژەن بۆ نیازی جێبەجێکردن نەک نیازی فریودان. ئەگەر بەڕاستی وابێت کە خۆی ئەو نیشانانە دەدات، ئەوا دەڵێیم ئایا ئەو پڕۆسەیە بەپێی نەخشەڕێژی و خشتە کاتییەکەی دەڕوات؟ هێشتا ئەوە نازانین".
 
جەنگیز لەبارەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، کە قۆناخی گوێگرتنی پێدەڵێن، گوتی:" هەروەک گوتم، کۆمیسیۆنەکە دەستی بە پاسدان و گواستنەوەی تۆپ لە ناوەڕاستی یاریگا کرد. کەمکردنەوەی تووڕەیی کۆمەڵگە و گوێگرتن لێیان باش و قبووڵە، بەڵام ئیدی با بەس بێت و دەتوانرێت کەمێک خێراتر بجووڵێت".
 
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی رۆژەڤی تورکیا، ئەگەری سەردانیکردنی کۆمیسیۆنەکەیە بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان. 
 
چاندار ئەمەی بە پێشهاتێکی چاوەڕوانکراو دانا و گوتی:"کۆبوونەوەی کۆتایی کۆمیسیۆن بە هۆی رووداوێکەوە (کەوتنی فڕۆکەی سەربازیی تورکیا) دواخرا، بەڵام هەرچییەک بێت، گفتوگۆکان لەبارەی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن هەبوو. هەروەها بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەیە؛ بۆ نموونە، بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هێشتا جێبەجێ نەکراوە. لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورت ئەحمەد ئۆزەر ئازاد کرا. بە سەیری ئەم وێنەیە، لەسەر بنەمای یاسایی ناوخۆی تورکیا، هەندێک هەنگاو هەن کە دەتوانرێت بگیرێنەبەر بێ ئەوەی یاسای گەورە دەرچێت. دەتوانرێت هەندێک هەنگاو بنرێت بێ ئەوەی چاوەڕێی تەواوبوونی پڕۆسەکە بکرێت. باشە، بۆچی هێشتا هیچ هەنگاوێک نییە؟ ئەمە پرسیارە".