ئەردۆغان جەخت لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامێکی پرسیارێکدا لەبارەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر ئامانجی ئەنقەرەیە و گوتیشی، لەو بابەتەدا داوای پشتیوانی لە رووسیا کردووە. 
 
بەر لەوەی بەرەو وڵاتی تورکمەنستان بەڕێبکەوێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە. 
 
سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنەی چەند مانگێکە تورکیا جەخت لەسەر ئەنجامدانی دەکاتەوە، ئەردۆغان گوتی، ئامانجیان ئەوەیە "ناوچەیەکی ئارام" بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر دروستبکەن.
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان، لە ماوەی رابردوودا و سەرەڕای هەڕەشەی تووندی ئەردۆغان، هەردوو وڵاتی ئەمریکا و رووسیا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا هەڵنەکرد. 
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەو ئامانجانە روونن کە لە دانوستاندنەکانی سۆچی لەگەڵ بەڕێز پووتین لەسەریان رێککەوتووین؛ ئامانجمان بەتایبەتی لە سنوورەوە بۆ باشوورە. ئێمە ئامانجێکمان هەیە بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، هەڕەشە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە بۆ سەر وڵاتەکەی هەیە و گوتی: "بەم دواییە ئەمە بە شێوەیەکی جیدی زیادی کرد. ناکرێت بەرامبەر ئەو هەڕەشانە بێدەنگ بین. چ هەنگاوێکمان لە چڕنووک - قوفڵ ناوە، بە هەمان شێوە رێگەی تێناچێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی ناوبەناو لە باکووری سووریاوە دەکرێنە سەرمان، بێدەنگ بین." 
 
ئەردۆغان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ رازیکردنی مۆسکۆ بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامبدات، رایگەیاند داوای پشتیوانی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە.
 
تورکیا لە 2016وە سێجار بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، ئەعزاز و جەرابلووسی کۆنترۆڵکرد. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
 
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "چڵەزەیتوون" لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان؛ شەڕڤانان 58 رۆژ بەرگرییان کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیکی عەفرینیان داگیرکرد.
سوپای تورکیا رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.