جێگری سەرۆککۆماری تورکیا: سنوورەکانمان پارێزراون و شەپۆلی کۆچ لە ئارادا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆککۆماری تورکیا رەتیکردەوە شەپۆلێکی کۆچ لە سووریاوە بۆ تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و لە ئەنجامی لاوازبوونی ئاسایشی سنوورەکان دروستبووبێت و، رایگەیاند رێوشوێنی پێویست لەگەڵ ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە هەواڵی لەمجۆرە بڵاودەکەنەوە.
 
درەنگانی شەوی رابردوو 13-2-2023 هەریەک لە فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و مستەفا ڤارانک، وەزیری تەکنەلۆجیا و پیشەسازیی تورکیا و ڤێداد بیلگین، وەزیری کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا و محەممەد موحەڕەم قەسابئۆغڵو، وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی بوومەلەرزە سازکرد.
 
فوئاد ئۆکتای ئاماژەی بە بەردەوامبوونیان لە دابینکردن و دامەزراندنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەڕێی دامەزراندنی کۆنتێنەر کرد و رایگەیاند :" بەردەوام هاوکاریی نێودەوڵەتیش بۆ تورکیا دەنێردرێت. قەتەر 10 هەزار کۆنتێنەری لەڕێی ئاوییەوە ناردووە و ئێستا لە رێگەیە".
 
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە شەپۆلێکی کۆچ لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە بۆ تورکیا دەکەن، فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، تەواوی ئەو هەواڵانە نادروستن، جەختیشی کردەوە "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵدەدرێت لەرێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، پشێوی دروستبکرێت، (ئەم هەواڵە) بە تەواوی دوورە راستییەوە. شەپۆلێکی وەها جێی باس نییە. سنوورەکانمان لە ژێر کۆنترۆڵدان و پارێزراون. بەهیچ شێوەیەک رێگە بە شەپۆلێکی کۆچ، یاخود دروستبوونی خاڵی لاواز لەو سنوورانە نادەین".
 
جێگری سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەیکرد بە دواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە هەواڵی وەها بڵاودەکەنەوە و رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانی رۆژی دووشەممە، 6-2-2023 کە بە گوڕی 7.7. و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا و ناوەندی بوومەلەرزەکان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، تائێستا زیاتر لە 33 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە.