لە ئیستەنبووڵ ئاگری نەورۆز کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەک بەر لە نەورۆز یەکەم ئاگری نەورۆز لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کرایەوە، پارێزگاری وانیش بە فەرمی رێگەی بە سازدانی ئاهەنگی نەورۆز دا.
شەوی رابردوو لە ناوچەی باشاکشەهیری ئیستەنبووڵ لە تورکیا بە بەشداری بەرپرسی رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی گەلان و هاونیشتمانیانی نیشتەجێی ناوچەکە ئاگری نەورۆز کرایەوە. لە پارێزگای وانی باکووری کوردستانیش بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن پارێزگا مۆڵەت درا بە سازادنی نەورۆزی وان لە 21ی ئاداردا.
ئەمساڵ لە 30 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لە 61 ناوەندی جیاوازدا ئاهەنگی نەورۆز ساز دەکرێت. بڕیارە ئەمساڵ ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ رۆژی 20ی ئادار لە گۆڕەپانی یەنیکاپی بکرێت.
تاوەکو ئێستا پارێزگای وان بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی داوە ئاهەنگی نەورۆز بکرێت، کە بڕیارە رۆژی 21ی ئادار بە دروشمی "بە ئاگری نەورۆزەوە خۆڕاگری بکەین و ئازاد ببین" لە قەدپاڵی قەڵای وان ئاهەنگەکە بکرێت.
هەر یەک لە ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-دەبەپە، سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و پەرلەمانتاری ئەو پارتە لە بازنەی وان و پەرلەمانتارانی وان بەشداری ئاهەنگەکە دەکەن.
هەر دوێنێ شەممە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئامەد بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز دەستیانپێکر. ئاگری نەورۆز دوای خوێندنەوەی راگەیێندراوێک لە باخچەی باڵەخانەی پارتی دیموکراتی گەلان لە ناوچەی پایزئاوای ئامەد هەڵکرا.
پەرلەمانتارانی هەدەپە دەرسیم داغ و رەمزیە تۆسوون و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد. لە باخچەکەدا پانکارتی 'بە ئاگری نەورۆز بەرخۆدان بکەن و ئازاد ببن'، 'ژنان بە ڕاپەرین ئاگری نەورۆز گەش دەکەن'، 'نەورۆز بۆ گەلان تێکۆشان، بۆ یەکێتی کورد بەڵێنە'، 'ئاگری نەورۆز گەش بکەن و گۆشەگیری تێکبشکێنن' هەڵواسرا.
زەلال بیلگین ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئامەد رایگەیاند: "ئەمساڵ بە سیاسەتی فشار، گرتن و دەستگیرکردن و سیاسەتی شەڕ پێشوازی لە نەورۆز دەکەن." بیلگین داوای کرد هەموو کەسێک بەشداری لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بکات."