خێزانێكی كوردی هەولێر لەلایەن چەند توركێكەوە لە شارۆچکەیەکی سەر بە مێرسین هێرشیان دەکرێتەسەر
رووداو دیجیتاڵ
خێزانێكی كوردی خەڵكی شاری هەولێر لە پارێزگای مێرسینی تورکیا رووبەڕووی هێرشی چەند توركێك بوونەوە. دوای سوكایەتیكردن و جنێودان بەكورد، خێزانە كوردەكەیان بەردباران كردووە و پیاوی خێزانەكە و كوڕێكیان برینداربوون. باوكەكە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
شایەتحاڵێک ڤیدیۆی دوای هێرشەكەی سەر ئەو خێزانە كوردەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە. تێیدا دەردەكەوێت، پیاوەکە لەسەر رێگاكە كەوتووە و لەهۆش خۆی چووە. هاوژینەكەی بەدەم گریانەوە هاوار دەكات و داوای ئامبووڵانس دەكات. لەلایەكی دیكەشەوە ئەندامانی خێزانەكە دەگرین.
هێرشکردنە سەر خێزانەکەی هەولێر لەلایەن رەگەزپەرستان لە تورکیا لەنێوان هەردوو شارۆچکەی ئاناموور و بۆزیازی سەر بە مێرسین روویداوە و ئێستا باوک و کوڕەکەی لە نەخۆشخانەی ئاناموور لەژێر چارەسەریدان.
شایەتحاڵەکە بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو خێزانە کوردە لە ئاداناوە بەرەو ئەنتاڵیا بەڕێکەوتبوون، كاژێر 16:00ی رۆژی پێنجشەممە 13-5-2021 لەسەر رێگای سەرەكیی شارۆچكەی ئاناموور لە پارێزگای مێرسین، لەلایەن چوار كەسەوە رێگرییان لێدەکرێت.
دوای جنێودان و سووکایەتی و ئازاردانیان، باوکەکە و كوڕێكی تەمەن 12 ساڵیان برینداركردووە. دەشڵێت، بینیم بەردبارانیان دەكردن و لەسەریان دەدان و هەوڵیان دەدا باوکەکە لە بەرزاییەكدا بخەنە خوارەوە.
شایەتحاڵەکە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەڵێت، گوایە شەڕەكە بەهۆی رێگەنەدان بووە بە ئۆتۆمبێلی هێرشكارەكان و ئەوانیش دەستیانكردووە بە لێدان و ئازاردانی ئەو خێزانە . دەشڵێت "ئەو چوار كەسەی هێرشەکەیان کردووە ماوەی پێنج خولەك زیاتر جنێویان بەكورد دەدا و بەپەنجەكانیان وەک ئاماژەی گورگی بۆر بەرزدەكردەوە، بۆیە ئەوانە نەتەوەپەرستە فاشیزمەكان بوون و هێرشەكەشیان هەر لەم روانگەیەوە بووە".
شایەتحاڵەکە لەبارەی چارەنووسی خێزانەکەوە گوتی "دوای ئەوەی خۆم گەیاندە خێزانەكە، پیاوە بریندارەكەم تاوەکو بنكەی هێزەكانی جەندرمەی ناوچەكە گواستەوە و لەوێش ئامبووڵانسیان بانگكرد و ناردیانە نەخۆشخانە. منیش لە بنكەی هێزەكانی جەندرمە گوتەی خۆم تۆماركرد و رووداوەكەم بەمشێوەیەی ئێستا بۆیان گێڕایەوە".
لە ڤیدیۆكەدا كە بۆ رووداو نێردراوە، ژنێكی كورد هاوژینە بریندارەكەی لەناوەڕاستی شەقامەكەدا لە باوەش گرتووە و بەدەم گریانەوە داوای یارمەتی و ئامبووڵانس دەكات بۆ گواستنەوەی هاوژین و كوڕەكەی بۆ نەخۆشخانە. هێرشكارەكان بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سیڤیك Honda Civic رەنگ رەش بەتابلۆی 01 YG 428 لە شوێنی رووداوەكەدا دوور دەكەونەوە.