پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: دوای چەکدانانی پەکەکە پرسەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، هیوادارن پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ماوەیەکی کورتدا چەکەکان دابنێت، دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
محەممەد موفید ئایدن، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی تورکیا و عێراق لە پەرلەمانی تورکیا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە هەوڵەکانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی، "پرسەکە هی ئەمڕۆ نییە، پرسی 47 ساڵە، بەشێکی منداڵەکانمان بێ خوێندن و کار بوون، زیانێکی زۆر گەورەی لە ئابووری و سیاسەتی تورکیا داوە، تورکیا 47 ساڵە لە نەهامەتیدایە، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە دۆخەکە ئێستا باش بووە و هیوادارین، کە پەکەکە بڕیارەکەی جێبەجێ بکات و لە ماوەیەکی کورت چەکەکانی دابنێت و دواتر ئەوەی کە پێویست بێت لەسەر مێز گفتوگۆ دەکرێت."
رۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025 لە کۆبوونەوەی حکومەتدا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کورد بەگشتی و کەسوکاری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی، "بە هەمان شێوە لایەنێکی دیکەی براوەی پرۆسەکە برا کوردەکانمانن، کە ساڵانێکە بەهۆی تیرۆرەوە رۆڵەکانیان لەدەستداوە، رووبەڕووی چەندین کێشەی مادی و مەعنەوی بوونەتەوەو لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون."
محەممەد موفید ئایدن ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئەردۆغان کرد و گوتی، "سەرۆکی ئێمە رەجەب تەیب ئەردۆغان سوورە لەسەر چارەسەری ئەم پرسە و لەو رۆژەی کە هاتووە و تا ئێستا دەیەوێ چارەسەری پرسی کورد بکات، چونکە زیانێکی گەورەی نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە عێراق، سووریا و ئێرانیش داوە و بە پشتیوانی خوا کۆتایی پێدێت."
لە کۆنگرەی پەکەکە کە رۆژانی 5 - 7ی ئایاری 2025 لە دوو شوێنی جیاواز بەڕێوەچوو، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە موراد قەرەیلان لە گوتارێکدا رایگەیاند، تا کۆتایی متمانە بە رێبەر ئاپۆ دەکەن، بەڵام پێویستە دەوڵەتی تورکیاش شتێک بکات کە متمانەمان بۆ دروست بکات.
لەبارەی گەرەنتی دەوڵەت بۆ گەریلاکانی پەکەکە، ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتی، "دوای چەکدانان، هەر داواکارییەک هەبێت لەسەر مێزی دانوستاندن گفتوگۆ دەکرێت، تا پەکەکە چەکەکانی دانەنێت یاساکانیش ناگۆڕین، ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە ئەوەمان گوتووە، دوای چەکدانان هەموو پرسەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن، چیمان لە دەست بێت دەیکەین."
محەممەد موفید لەبارەی دۆخی کورد لە تورکیا، ئاماژە بە هەنگاوەکانی ئاکپارتی دەکات و دەڵێت، "کورد هیچ کێشەیەکی لە تورکیا نییە، دەتوانن ببنە پەرلەمانتار، شارەوانی و سەرۆککۆمار، رەنگە هەندێ شت کەم هەبێت کە نەمانکردبێت، بەڵام لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە پرۆسەی ئاشتی زۆر هەنگاومان نا، لە هەموو لایەک تورک، لاس و تورک و عەرەبیش زیانیان بینیووە، بەڵام ئەردۆغان هەموو شتێکی کرد کە گەلی تورکیا بە ئاشتی بژیت، پێش 20 ساڵ وەکو ئێستا بۆمان نەبوو بە کوردی قسە بکەین، ئێستا زانکۆی کوردی هەیە."
لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان محەممەد موفید گوتی، "ساڵی رابردوودا لەگەڵ سەرۆککۆمارمان هاتینە عێراق، سەرەتا چوینە بەغدا و دواتر هاتینە هەولێر، سەرۆککۆماری ئێمە لە بەغدا و لە هەولێریش دەیگوت ئێمە برای یەکترین، دۆستی یەکترین، هەر شتێک لەسەر ئێمە پێویست بێت دەیکەین، پێش چەند رۆژێکیش سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتبووە تورکیا، لەوێش هەمان قسە کرا، ئێمە عێراق وەکو برا قبووڵ دەکەین و پرسی هەولێر، دهۆک و کاک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەموویان وەکو خۆ دەبینین."