رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی (مافی هیوا) بۆ ئۆجەلان دەڵێ، هیچ دیدارێک لەبارەی ئەو بابەتە نەکراوە. گوتهبێژی دەم پارتیش لە وەڵامی قسەکانی ئەو وەزیرەدا دەڵێ، ئەو زمانە لەگەڵ پرۆسەکەدا ناگونجێت و "پێویستمان بە رێککەوتنێکی یاسایی و دیموکراسییە".
یڵماز تونچ، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025 پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
تونچ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەبارەی (مافی هیوا) بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتی، هیچ دیدارێک لەبارەی ئەو بابەتە نەکراوە و دۆخێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە.
لە وەڵامی پرسیاری "دەکرێت رۆژنامەڤانان لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداریان هەبێ؟" یڵماز تونچ گوتی: "لە چوارچێوەی یاساکاندا دەتوانرێت هەرچی پێویست بێت بکرێت".
دوای لێدوانەکەی یڵماز تونچ، عایشەگوڵ دۆغان، گوتهبێژی دەم پارتی لە سۆشیال میدیا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
عایشەگوڵ دۆغان دەڵێ: "ئەو زمانەی تونچ بەکاری دەهێنێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت. پێویستمان بە مشتومڕ نییە، بەڵکو پێویستمان بە رێککەوتنێکی یاسایی و دیموکراسی هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ