سەرۆکی جەهەپە: بوختانم پێدەکەن و دەیانەوێت ئیرادەم بشکێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە رایدەگەیێنێت، ئەو گوشار و ئۆپەراسیۆنە یاساییانەی دەکرێنە سەر سەرۆکشارەوانییەکانی پارتەکەی، "هێرشە بۆ سەر ناسنامەی جەهەپە" و دەڵێت، ئامانجی کۆتایی دەسەڵات شکاندنی ئیرادەی ئەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەو گوشارانە کرد، کە بە گوتەی خۆی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێنە سەر پارتەکەی و رایگەیاند، دەسەڵات دەیەوێت لە رێگەی "بوختان و گوشارەوە" رێگری لە سەرکەوتنەکانی جەهەپە بگرێت.
ئۆزێل ئاماژەی بەوە کرد کە دەستگیرکردنی هاوڕێکانی منداڵی و کەسانی نزیک لە خۆی، هەوڵێکە بۆ گۆشەگیرکردنی و گوتی: "چونکە دەبینن من بەرگری لە هەموو جەهەپە دەکەم، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پشتم بشکێنن."
سەرۆکی جەهەپە ئاشکرای کرد کە لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا گوشار خراوەتە سەر سەرۆکشارەوانیی ئەنتاڵیا تاوەکو بوختانی بۆ بکات، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی دژی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبووڵیش، جەختی کردەوە کە هیچ بنەمایەکیان نییە و بەڵگەکان زۆر لاوازن.
ئۆزگور ئۆزەل رەتیکردەوە کە رەجەب تەییب ئەردۆغان پەیوەندی بەم گوشارانەوە نەبێت و گوتی: "ئێمە چیدی بڕوا بەو قسانە ناکەین کە دەڵێن 'ئەردۆغان باشە و دەوروبەری خراپن'؛ هەر کەسێک وەزیری داد دابنێت، بەرپرسیارە لە کارەکانیشی."
هەروەها وەزارەتی دادی تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی زانیاریی ناو دۆسیە نهێنییەکان بۆ میدیا و سۆشیاڵ میدیا دزە پێدەکات تاوەکو "شەڕی دەروونی" دژی جەهەپە بکەن.
ئۆزێل داوای لە هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کرد پێکەوە دژی ئەم گوشارانە بوەستنەوە. راشیگەیاند کە ئامانجی سەرەکییان گەیشتنە بە سندووقەکانی دەنگدان و گۆڕینی دەسەڵاتە و دووپاتیکردەوە کە ئامادەی هەمووقوربانییەکە لەپێناو پاراستنی دیموکراسیی تورکیادا.