عەبدوڵڵا گول: ئەمریکا چیدی گەرەنتیکاری ئاسایش نییە و وڵاتانی کەنداو بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن

رووداو دیجیتاڵ
 
عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا رەخنەی تووند لە سیاسەتەکانی واشنتن دەگرێت و رایدەگەیێنێت، ئەمریکا چیدی گەرەنتیکاری ئاسایش نییە، بەڵکو خۆی بووەتە "هۆکاری هێرشەکان". دەشڵێت، بێدەنگیی ئەورووپا لە ئاست رووداوەکان "مایەی شەرمەزارییە".
 
عەبدوڵڵا گول، 11یەمین سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە "29یەمین لووتکەی ئابووریی ئۆراسیا" گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.
 
عەبدوڵڵا گول ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بەهۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە درێژخایەندا "زەرەرمەندی یەکەم" دەبێت. گوتیشی: "ئێستا وڵاتانی کەنداو ناچارن بەدوای جێگرەوەی دیکەدا بگەڕێن و چیدی هەموو هێلکەکانیان ناخەنە یەک سەبەتەوە."
 
سەبارەت بە ئەورووپاش، گول بێدەنگیی وڵاتانی کیشوەرەکەی بە "لەدەستدانی شکۆ" ناوبرد و داوای لێکردن نەبنە پاشکۆی سیاسەتەکانی واشنتن. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەورووپایەکی بەهێز بەبێ هاوکاریی فراوانی وڵاتانی وەک بەریتانیا و تورکیا، مەحاڵە.
 
سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا هۆشداریی دا لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "ژیریی دەستکرد" لە شەڕەکانی ئێران و غەززەدا و رایگەیاند، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کوشتنی مرۆڤەکان هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە.
 
عەبدوڵڵا گول رەخنەی لەوە گرت کە چیدی سەرکردەکانی جیهان باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی ناکەن و تەنیا "هێز" بووەتە پێوەر.
 
گول لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی چاکسازیی ناوخۆیی و گوتی: "هێزی هەر وڵاتێک لە ناو ماڵەکەیەوە دەستپێدەکات. تاوەکو سەروەریی یاسا و شەفافییەت لە ناوخۆدا بەرقەرار نەبێت، گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی مەحاڵە."
 
عەبدوڵڵا گول داوای گەڕانەوەی بۆ بەها مرۆییەکان کرد و رایگەیاند، نابێت گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و سیاسییەکان ببنە هۆی لەناوبردنی کەرامەتی مرۆڤ.