کڵچدارئۆغڵو و ئیمامئۆغڵو کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 14-6-2023 کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کۆببێتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، دوای شکستی جەهەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا، کێشە لە نێوان بەشێک لە بەرپرسانی پارتەکە دروستبوو و داوا لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن کورسیی سەرۆکایەتیی چۆڵ بکات و دەرفەت بە کەسانی دیکە بدات کاروباری پارتەکە بەڕێوەببەن.
چاوەڕێ دەکرێت کۆبوونەوەکە پێش نیوەڕۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت.
لەدوای هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە 28ی ئایار بەڕێوەچوو، کڵچدارئۆغڵو و ئیمامئۆغڵو دوو جار کۆبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گۆڕانکارییەک لە بۆچوون و گوتەکانی ئیمامئۆغڵو رووینەداوە. ئەوەی ئیمامئۆغڵو و بەشێک لە بەرپرسان جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە نێو جەهەپە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو جگە لەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا بە ئەردۆغان دۆڕا، پارتەکەشی کورسی زۆری لە پەرلەمان دۆڕاند.
جەهەپە 169 کورسی لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان بردووەتەوە. بەڵام لە نێو لیستەکەیدا هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، ئایندە، دەڤا و پارتی دیموکرات هەن. ئەگەر کورسییەکانی ئەوانی لێ دەربکرێت، جەهەپە وەکو پارت 130 کورسی بۆ دەمێنێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە لە خولی رابردووی پەرلەماندا 146 کورسی هەبوو.