سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینییەکانی بۆ هەڵاوسان بەرزکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، پێشبینیی هەڵاوسانی بۆ ساڵی 2026 لە 12٪ـەوە بۆ 16٪ و پێشبینیی ساڵی 2027ـیشی لە 8٪ـەوە بۆ 9٪ بەرزکردەوە. ئامانجی کۆتایی ساڵی 2025 لە 24٪ـدا هێڵدرایەوە.
فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025 راپۆرتی هەڵاوسانی بڵاوکردەوە و ئامانجی هەڵاوسانی بۆ کۆتایی ساڵی 2025 لە ئاستی 24٪دا هێشتەوە، بەڵام پێشبینییەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو بەرزکردەوە.
پێشبینیی هەڵاوسان بۆ ساڵی 2026 لە 12٪ـەوە بۆ 16٪ و ئامانجی دیاریکراو بۆ ساڵی 2027 کە 8٪ بوو، بۆ 9٪ بەرزکرایەوە. ئەم پێداچوونەوانە، ئەو ئاستەنگانە نیشان دەدەن کە بانکی ناوەندی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوساندا رووبەڕووی دەبێتەوە.
کاراهان گوتی: "پرۆسەی دابەزاندنی هەڵاوسان بەبێ پچڕان بەردەوامە و کەمێک لە خوار سنووری سەرەوەی مەودای پێشبینیکراو جێگیر بووە."
لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ نرخی خۆراک گوتی: "سەرەڕای سەرمای کشتوکاڵی، لە گرووپی خۆراکدا گەواهیدەری خاوبوونەوەی هەڵاوسانین، بەڵام کاریگەری کەشوهەوا بەردەوامە لەسەر نرخی خۆراک بەردەوامە و ئەم دۆخە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک زیاد دەکات."
کاراهان لەکاتی هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی رێژەی سوودی قەرزەکاندا گوتی: "دوای بڕیاری کۆمیتەی سیاسەتی دراو لە مانگی تەممووز، رێژەی سوودی قەرزی بەکاربەر 5.3 خاڵ و رێژەی سوودی قەرزی بازرگانی 5.5 خاڵ دابەزی. پێکهاتەی قەرزە بازرگانییەکان لە بەرژەوەندیی لیرەی تورکیدا گۆڕاوە".