راوێژکارێکی ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: دەکرێت یاسایەکی کاتی و تایبەت ئامادە بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، دەکرێت یاسایەکی کاتی، تایبەت و یەکجارە دەربکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025 محەممەد ئوچووم، سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتارێکی تایبەتی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و قۆناخی چەکدانانی پەکەکە بڵاوکردەوە.
 
ئوچووم دەڵێت، پێشنیازی کردووە "یاسایەکی تایبەت، کاتی و یەکجارە" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەربکرێت.
 
بە گوتەی سەرۆکی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا، دوای ئەوەی پرۆسەی چەکدانانی گەریلاکان تەواو دەبێت، فراوانبوون و قووڵبوونەوەی بواری سیاسەتی دیموکراسی وەکو قۆناخێکی چاکسازیی زۆر کاریگەر دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، "گرنگترین تایبەتمەندیی پرۆسەی گواستنەوە (چەکدانان) ئامادەکارییە بۆ ئەم قۆناخە."
 
راوێژکارەکەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەکە لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 لە کاتی کردنەوەی پەرلەمان دەستیپێکرد و گوتی، "بە جووڵە پێشەنگەکانی بەڕێز باخچەلی کە خاوەنی ئەزموون و زانیارییەکی گەورەیە، پرۆسەکە لە تشرینی یەکەمی 2024 بە شێوەیەکی فەرمی وەک سیاسەتێکی دەوڵەت دەستیپێکرد. بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025" یەکێکە لە هەنگاوە گەورە و مێژووییەکان.
 
محەممەد ئوچووم تیشک دەخاتە سەر رۆڵی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و چەند خاڵێکی سەرەکی باس دەکات.
 
بەگوێرەی محەممەد ئوچووم، تایبەتمەندیی سەرەکیی بانگەوازەکەی 27ی شوبات ئەوەیە، بە تەواوی واز لە داواکارییەکانی قەوارەیەک بۆ گەلی کورد هێندراوە، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ راستیی بابەتییانە ناگونجێت.
 
ئوچووم دەڵێ، ئامانجی سەرەکیی بانگەوازەکە یەکگرتنەوەیە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە؛ نزیکبوونەوەی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوەش کۆڵەکەی سەرەکیی بانگەوازەکەیە. 
 
ئوچووم باس لەوە دەکات، بانگەوازەکە هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە لە ناوچەکە، بە سووریا و ئەوانەی لە ئەورووپاشن، دەگرێتەوە؛ سیاسەتی دیموکراسی پەسندکراوە؛ هیچ رێگەیەکی دیکە وەکو گونجاو بە پەسند دانەنراوە. بۆ گەیشتن بە دیموکراسییەکی پێشکەوتووتر، سیاسەتکردن دەستنیشان کراوە.
 
راوێژکارەکەی ئەردۆغان باسی لە هەندێک تایبەتمەندیی قۆناخی چەکدانان دەکات و دەڵێ: "تورکیا لە بواری نەهێشتنی کردەوە تیرۆریستییەکان، مۆدێلێکی رەسەنی قۆناخی گواستنەوە (چەکدانان) جێبەجێ دەکات."
 
بەگوێرەی ئوچووم، بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی مۆدێلەکەی تورکیا بریتین لەوەی قۆناخێکی گواستنەوەی بێ مەرج و بێ دانوستاندن کراوەتە ئامانج. پەکەکەش بەگوێرەی ویستی دامەزرێنەرەکەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە.
 
ئوچووم دەڵی، قۆناخی چەکدانان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئامادەکارییەکانی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دەکرێن و هەنگاوی بەردەوامی بۆ دەنرێ. کاریگەریی دوای وازهێنان لە تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە، وەک بیرۆکەی نوێ و ئەکتەری نوێ لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراسیدا دەبینرێ.
 
ئوچووم دەڵێ، دوای ئەوەی قۆناخی چەکدانان تەواو دەبێ، فراوانبوون و قووڵبوونەوەی گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراسی وەک قۆناخێکی چاکسازی زۆر کاریگەر دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری تورکیا باس لە بەشێک لە پێویستییەکانی قۆناخی چەکدانان و دوای چەکدانان دەکات و دەڵێ: "بەگوێرەی دۆخی ئێستا، بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، راگەیێندرا کە چالاکییە تیرۆریستییە چالاک و پشتیوانییەکانی سەر بە پەکەکە، کۆتاییان هاتووە."
 
بەگوێرەی ئوچووم، لە قۆناخی یەکەمدا پێویستە هەندێک رێکاری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دژی ئەو توخمانەی تیرۆر کە چالاکن و سەر بە پەکەکەن و پشتیوانی لێدەکەن، پێداچوونەوەیان بۆ بکرێ. بێگومان ئەمە لە رووی کاروباری کارگێڕی و رێکارەکان، بە قەییومەکانیشەوە، لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبردنەوە ئەنجام دەدرێن.