رۆژنامەڤانێكی تورکیا: دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی ئۆجەلان نزیکە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی تورکیا دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئامادەکاریدایە بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ کە وشەی "تورکیا"ی تێدا دەبێ.
سەدات بۆزکورت، رۆژنامەڤانی تورکیا لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025 بڵاویکردووەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پارتێکی سیاسیی نوێ دادەمەزرێنێت.
بۆزکورت نووسیویەتی: ''ئۆجەلان لە ئامادەکاریدایە بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ کە وشەی تورکیای تێدابێت؛ بڕیارە پڕۆگرامی پارتەکەش خۆی بینووسێت و ئەو کەسەیشی بۆ سەرۆکایەتیی گشتی لە مێشکیدایە سەڵاحەدین دەمیرتاش نییە، بەڵکو پەروین بوڵدانە''.
بۆزکورت باس لەوە دەکات کە هەدەپەش داناخرێ و نووسیویەتی: ''دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی باسی نەکرد، دۆسیەی داخستنی هەدەپەش لەبیرکرا، هەرچەندە دۆسیەکە هەر بەردەوامە. داواکاریی گشتیی دادگەی باڵا بە نیگەرانییەوە دۆسیەکەی کردبووەوە، دادگەی دەستووریش بە گەرم و گوڕی سەیری نەدەکرد. بەهۆی کەشی سیاسیی وڵات، پێگەی مەهەپە لە دەسەڵات و هێزی لەنێو دەوڵەت، دۆسیەکە خێرا کرابوو، داخستنی وەک یەکلاییکەرەوە دەبینرا و بڕیاری قەدەخەی سیاسی بۆ سەتان کەس تاوتوێ دەکرا".
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێ، پڕۆسەی چارەسەری "دادگەی زۆر ئاسوودە کرد" و لەبارەی پرسی داخستنی هەدەپەش دەڵێ: "وا دیارە دەرچوونی بڕیارەکە کاتی دەوێ. ئەو ئاسوودەییەی لە دادگەی باڵادا بەهۆی گۆڕانی کەشی سیاسی لە ساڵێکدا دروستبووە، هێندە گرنگە کە رێگری لە داخستنی هەدەپە دەکات. لەم نێوەندەدا هەدەپە کە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدات، هەفتەی رابردوو شەشەمین کۆنگرەی گەورەی ئاسایی خۆی بەست و دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی خۆی دیاری کرد".
ئەو رۆژنامەڤانە پێیوایە، ئەگەر هەدەپە دانەخرێ، دەمیرتاش ئازاد بکرێ و ئۆجەلانیش پارتە نوێیەکە دابمەزرێنێ، ئەوا بەرەی کوردستانی لە سیاسەتدا جموجووڵێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەم بۆچوون و دەنگۆیە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێکە کەشێکی سیاسی تایبەت بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێکراوە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش رۆڵێکی کارای تێدا دەگێڕێ.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 15ـی تشرینی یەکەمی 2012 دامەزرا. فاتمە گۆک و یاڤوز ئۆنەن یەکەم هاوسەرۆکانی پارتەکە بوون، لە 2014 سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە هاوسەرۆکی ئەو پارتە هەڵبژێردران و لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015دا لە کۆی 550 کورسی، 80 کورسی بەدەستهێنا و یەکەمجار بووە فراکسیۆن بچنە پەرلەمان.
لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵ هەڵبژاردن دووبارە بووەوە و هەدەپە 59 کورسی بەدەستهێنا. بە تۆمەتی دژایەتیکردنی دەوڵەت، پاشکۆبوونی پەکەکە، هەوڵدان بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، بانگەوازکردن بۆ پەکەکە و چەندین تۆمەتی دیکە، نزیکەی سێ ساڵە پرۆسەی دادگەییکردنی لە دادگەی دەستوور بەردەوامە و کار بۆ داخستنی دەکرێ.
رۆژی 5ی ئەیلوولی 2025، هەدەپە شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست. کۆنگرەکە بە گوتارى سوڵتان ئۆزجان و جاهید کرکازاک، هاوسەرۆکانی پارتەکە دەستیپێکرد؛ پاشان راپۆرتەکانى چالاکییەکان و دارایى خوێندرانەوە. دواتر هەردوو هاوسەرۆکەکەی ئێستا بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە هەڵبژێردرانەوە.