ئەردۆغان بۆ هەسەدە: تێکەڵی سوپا ببن و پشتگیری لە یەکپارچەیی سووریا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات، تێکەڵی سوپای سووریا ببن و پشتگیری یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی ئاشتیی غەززە لە میسر، شەوی رابردوو گەڕایەوە تورکیا.
ئەردۆغان لە نێو فڕۆکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکی چڕ و پڕیان لەگەڵ سووریا لە هەموو بوار و ئاستێکدا هەیە و بەردەوامە.
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی سووریا گوتی: "بڕیارمان داوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سووریا و ناوچەکە، هاوئاهەنگی و هاوکارییەکی بەهێزترمان هەبێت. سەرۆککۆماری سووریا ئەحمەد شەرع و هاوڕێکانی بە تەنیا جیناهێڵین و ئەمە نابێتە جێی باس.
سەبارەت بە هەسەدە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "زۆرجار هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاگادار دەکەینەوە کە رێگەی هەڵە نەگرنەبەر و پشتگیری یەکێتی و یەکپارچەیی سووریا بکەن. هیوادارین هەڵوێستی خۆیان لەپێناو یەکپارچەیی خاکی سووریا و گەیشتن بە داهاتوویەکی یەکگرتوو و خۆشگوزەران نیشان بدەن".
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، یەکگرتنی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی سوپای سووریا لە کورتترین ماوەدا، هەنگاوەکانی گەشەپێدانی ئەو وڵاتە خێراتر دەکات، هەروەها گوتی:" ئێمە ستایشی حکومەتی سووریا دەکەین؛ چونکە بە تێگەیشتنێکەوە روو لە داهاتوو دەکات کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات لەخۆدەگرێت. ئەمە لە بەرژەوەندیی سووریا و تورکیاشە. ئەوانەی هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە سووریا بخەنە ناو گێژاوی ناکۆکییەوە، خێری کورد، درووز و عەلەوییەکانیان ناوێت".
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی دانوستاندن و دیالۆگەوە دوا و رایگەیاند، ئەوانەی روو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەر دەکەون و ئەوانەش کە بەدوای پارێزەرێکی دیکەدا دەگەڕێن، شکست دەهێنن.
تورکیا بەردەوام داوا لە هەسەدە دەکات بچێتە ریزی سوپای سووریا، هەسەدەش ئامادەیی خۆی بۆ ئەم پرسە نیشان داوە.