پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: هیواخوازم دەمیرتاش ئازاد بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد ـی باکووری کوردستان دەڵێ، هیواخوازە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکرێت. 

غالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی شەوی پێنجشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری خستەڕوو و رایگەیاند، هیواخوازە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت. 
 
ئەنساریئۆغڵو، لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کە لە ساڵی 2016ـەوە لە زیندانی ئەدیرنە دەستبەسەرە، گوتی: "پێشتر لە قۆناخە پڕ لە پێکدادان و مەرگەکاندا، دەسەڵاتی دادوەریش لەژێر کاریگەریی ئەو کەشەدا بوو. ئێستا پێموایە سەبارەت بە دەمیرتاش بڕیارێک دەردەچێت کە لەگەڵ ئەم کەشەدا بگونجێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەدا، پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دا دەڕوات و رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئیرادەی هەردوولا روون بووەوە، هەنگاوی دوولایەنە دەنرێن."
 
ئەنساڕیئۆغڵو گوتی: "دوو پرس هەن کە هەموو کورد لەسەری کۆکن: پێناسەی هاووڵاتیبوون و خوێندن بە زمانی دایک. پێناسەی هاووڵاتیبوون پێناسەی هاووڵاتی ناکات، بەڵکو پێناسەی ناسنامەیەکی نەتەوەیی دەکات."
 
لەبارەی سەردانی شاندێكی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی گوتی: "ئۆجەلان خۆی داواکاریی هەیە؛ دەڵێت 'با کۆمیسیۆن بێت و چاوی پێم بکەوێت.' سەردانی ئیمراڵی بابەتێکی هەستیارە، بەڵام ئەگەر کۆمیسیۆن بچێت، ئەوە بە ئیرادەی خۆی دەبێت."