دەم پارتی لەبارەی ئێران: رژێم نایەوێت کێشەکە چارەسەر بکات، دەیەوێت بەڕێوەی ببات

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران رایگەیاند، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دووڕیانێکە یان ستەمکاری یان ئیرادەی ژیانی هاوبەش بەهێزتر دەبێت و گوتی: "وەک دەم پارتی، هەڵوێستمان روونە؛ ئێمە لەگەڵ داواکاریی ژیانێکی شکۆمەندانەی گەلانین." 
 
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لە پەرلەمانی تورکیادا گوتارێکی لەبارەی خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی ئێران، هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپێشاندەران و کوژرانی خەڵک پێشکێشکرد.
 
کۆچیغیت، گوتی: "ئەمڕۆ لە ئێران، ئەوانەی ناڕەزایی نیشاندەدەن تەنیا چینی هەژار نین، بەڵکو خودی کۆمەڵگەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا رووبەڕووی ستەم بووەتەوە. قەیرانی ئابووری بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سیاسی و قەیرانی سیاسیش بووەتە هۆی دروستبوونی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بەتایبەتی، ئەو سیاسەتە ئەمنییەی لە ناوچە جیاوازەکان لە رووی نەتەوەیی و ئایینییەوە پەیڕەو دەکرێن، بە روونی نیشانی دەدەن کە رژێم (ئێران) نایەوێت کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵکو دەیەوێت بەڕێوەی ببات، بە درێژایی کات بیهێڵێتەوە و سەرکوتی بکات." 
 
گوڵستان کلچ کۆچییت، سەرنجی خستە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "هیچ سیستمێک کە دان بە یەکسانیدا نەنێت، ناتوانێت سەقامگیری بەرهەم بهێنێت و لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. کاتێک گەلان داواکارییەکانیان بە رێگەی ئاشتییانە دەردەبڕن، وەڵامی دەوڵەت بە زەبر و زەنگ، هەڕەشە و سزادان بە دەستی ئەنقەستە."
 
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەمڕۆ لە ئێران، هێزە نیمچە سەربازییەکان گەیشتوونەتە ئەو رادەیەی لە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتەوە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، لە شەقامەکان تەقەیان لە خەڵک کردووە. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، نزیکەی 2 هەزار کەس و بەپێی هەندێک گرتە ڤیدیۆ و سەرچاوەی دیکە، هەزاران کەس کوژراون. ئەم هەڵوێستە بژاردەیەکە کە قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەپچڕێنێت. چونکە ترس بێدەنگییەکی کاتی دروست دەکات، بەڵام هەرگیز رەزامەندی بەرهەم ناهێنێت."
 
هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ دەسەڵاتداران پێیانوایە بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان، داخستنی سنوورەکان و گۆشەگیرکردنی کۆمەڵگەکان دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە. لە کاتێکدا لە سەدەی 21ـدا هیچ رژێمێک ناتوانێت بە دابڕینی گەلەکەی لە جیهان، رەوایەتی بەدەستبهێنێت. لێرەوە بە راشکاوی دەڵێین: دیموکراسی لاوازیی رژێم نییە، بەڵکو بەهێزترین بنەمای خۆڕاگریی کۆمەڵایەتییە." 
 
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، ئاماژەی بە کاریگەریی رووداوەکانی ئێران لەسەر تورکیا کرد و رایگەیاند: "بۆ تورکیاش، هەموو ئەم پێشهاتانە زۆر گرنگن. هەر قەیرانێک لە وڵاتانی دراوسێ رووبدات، جارێکی دیکە پێمان نیشان دەدات کە دیموکراسی پێویستییەکی هەنووکەییە ناکرێ دوابخرێت."