سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: پێویستە بە خێرایی قۆناخی یاسادانان دەستپێبکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەڵێ: "ئەم کارە لە هەنگاوەکانی ساڵانی 2009، 2013 یان کارەکانی پێشوو ناچێت. ئەگەر ئەم کارە شکست بهێنێت، ئەگەر دیوارەکە بڕووخێت، سیاسەتی مەدەنی لەژێر ئەو دیوارەدا دەمێنێتەوە و خوا نەخواستە ئەگەر شکست بهێنین، دەگەڕێینەوە" بۆ رۆژە تاریکەکان.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک رۆژنامەڤانی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دایەوە و رایگەیاند، دوای تەواوبوونی راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، دوای جەژن لە پەرلەمان دەست بە گفتوگۆکردنی رێکخستنە یاساییەکان دەکرێ.
"راپۆرتەکە هەموو شتێک نییە، بەڵام وەک نەخشەرێگایەکە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکە گوتی: "گرنگترین لایەنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پشتیوانیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی ئەوە بوو کە هەموو پارتەکان بە رێککەوتن لەسەر دەقێکی هاوبەش کۆک بوون".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "بێگومان ئەم راپۆرتە هەموو شتێک نییە، بەڵام وەک نەخشەڕێگایەکە، بەتایبەتی لە بەشەکانی 6 و 7ی راپۆرتەکەدا پێشنیازی کۆنکرێتی سەبارەت بەوەی چی دەکرێت، خراوەتەڕوو. لە دوای ئەمە پێویستە بەخێرایی قۆناخی یاسادانان دەست پێبکات. بە بڕوای من، جارێکی دیکە هەموو پارتەکان بە رێککەوتن لەسەر دەقێکی هاوبەش رێک بکەون. بۆ ئەمەش پێویستە بێ لەدەستدانی کات، ئەم بابەتە بخرێتە بەر باس. پێموایە دوای جەژن دێتە رۆژەڤەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها گوتی: "لە بەشی شەشەمدا، بابەتی 'ئاستی هەستیار' هەیە کە بە رێککەوتن جەختی لێکراوەتەوە. بۆ ئەوەی بتوانرێت رێکخستنی یاسایی لەمبارەیەوە بکرێت، ئەوەی کە رێکخراو چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە پشتڕاست بکرێتەوە. ئەم کارانە دەکرێت هاوکات بەڕێوەبچن، بەڵام دواجار هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک کاری پەرلەمان نییە؛ بێگومان یەکە ئەمنییەکان کاری خۆیان دەکەن. ئەگەر لەمبارەیەوە لانیکەم بە رێژەیەکی زۆر، بڕیارێک دەربچێت کە بیسەلمێنێت پێشکەوتن بەدەستهاتووە، ئەوکات بێگومان رێکخستنە یاساییەکانی پێویست بۆ بابەتەکە دەکرێن."
"ئەقڵی سیاسی لە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکان نییە"
کورتوڵموش لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی پێشهاتە هەرێمییەکان لەسەر پرۆسەکە گوتی: "ئەوەی بەتەواوی زاڵ بین بەسەر پێشهاتەکاندا و ئاراستەیان بکەین، زۆر ئاسان نییە، بەڵام وەک تورکیا هەموو ئەمانە زۆر بەوریایی و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین وبەدواداچوونیان بۆ دەکەین".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریاش قسەی کرد و گوتی: "یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان ئەوەیە کە پرۆسەی یەکگرتنەوە لە سووریا بەشێوەیەکی نائاسایی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت. هیوادارم ئەو پرۆسەیە بەبێ تێکچوون بەردەوام بێت. دەتوانین ئەم پرۆسەیە وەک پێشهاتێک هەڵسەنگێنین کە ئاراستەی گەلی کورد بەرەو تورکیا، بەرەو ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ دەگۆڕێ. ئەقڵی سیاسی لە تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکانیدا نییە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی، ئامانجیان لە بنەڕەتدا تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نەبووە، بەڵکو نەهێشتنی قۆناخی تێکۆشانی چەکداریی بووە گوتی: "هەر لە سەرەتاوە، کاتێک کۆمیسیۆنەکەمان دامەزراند، ئەوەی گوتمان ئەوە بوو کە گرنگ دابینکردنی گۆڕانکارییە لە زهنیەتەکاندا. بۆ ئەمەش، لە کاتێکدا هەنگاوی وا دەنێین کە شکۆی کورد بپارێزرێ، پێویستە کاری واش بکەین کە هەستی تورکەکان بەهێز بکات کە 'ئێمە دابەش نابین، پەرت نابین، بەپێچەوانەوە یەکدەگرینەوە' و شکۆمان بپارێزێت."
" کوشتنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، پرۆسەکەی ژەهراوی کرد"
کورتوڵموش، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە گوایە (لەنێو رێکخراودا پرۆسەیەکی پاکتاوکردن هەیە. لێرەدا چی دەڵێن لەبارەی پێکەوەکارکردنی دەوڵەت و سیاسەت (مەبەستم پارتەکانی دیکەشە)؟" پرۆسەکانی پێشووی وەبیرهێنایەوە وگوتی: "لە قۆناخەکانی رابردوودا خوالێخۆشبووان دەمیرەل، ئۆزال، مامۆستا ئەربەکان، ئەرداڵ ئینۆنو لە بۆنەی جیاواز و لە قۆناخی جیاوازدا بەپێی هەلومەرجی ئەو رۆژگارە هەوڵیاندا بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆری پەکەکە. تەنانەت هەندێکیان پەیوەندیی راستەوخۆشیان هەبوو. وا دەزانرا کە هەنگاوی زۆر نراوە، بەڵام لەناکاو هەموو شتێک تێکچوو. ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە. یەکێکیان ئەوە بوو کە لەناو دەوڵەتدا یەک ئەقڵی سیاسیی یەکگرتوو نەبوو."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی پرۆسەکەی ئەمجارە جیاوازە لە پرۆسەکانی رابردوو گوتی: "پرۆسەکانی 2009-2013 ـشمان لەبیرە. مەودایەکی زۆر گەورە بڕدرا، خەریک بوو ئەنجام بەدەست بهێنرێت، کاتێک بە هەندێک پڕوپاگەندە وەک پروپاگەندەی خابوور، پڕوپاگەندەی کوشتنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، پڕوپاگەندەی دزەپێکردنی گفتوگۆکانی ئۆسلۆ، فەتۆچییەکان و توخمەکانی دیکەی نێو دەوڵەت پرۆسەکەیان ژەهراوی کرد".
"هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت بە ئاراستەیەکی هاوبەشدا دەڕۆن"
کورتوڵموش درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: "بە هەمان شێوە هەوڵەکانی ئۆزال دەزانین، هەوڵەکانی ئەربەکان دەزانین، هەوڵەکانی دەمیرەل دەزانین. لەو پرۆسانەشدا دەوڵەت بە یەک عەقڵی سیاسییەوە دەرنەکەوت. یەکێک لە گرنگترین خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت بە ئاراستەیەکی هاوبەشدا دەڕۆن، پرۆسەکە بە هاوئاهەنگییەکی گەورەوە بەردەوامە."
"بابەتەکە، بۆ یەکەمجار هێنرایە نێو پەرلەمان"
سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە بابەتەکە هیچ کاتێک نەهێنرابووە نێو پەرلەمان، ئەمجار بۆ یەکەمجار هێنرایە نێو پەرلەمان. لەوە زیاتر کە ببێتە بۆچوون و بیرۆکەی پارتێک یان گرووپێکی دەسەڵاتدار، زەمینەیەکی دیموکراسییانە هاتە ئاراوە کە جگە لە پارتێک، 11 پارتی دیکە بەشدارییان تێدا کرد و نوێنەریان نارد و ویستی نیشتمانی خاوەندارێتیی لێکرد. بۆیە پێموایە ئەم کارە بەنرخە. دوای دەرچوونی راپۆرتەکەش، نزیکەی بەشی زۆری نیگەرانییەکان لەناوچوون".
کورتوڵموش رایگەیاند: "کاتێک سەیری ئێران، سووریا و پێشهاتەکانی دیکەی ناوچەکە دەکەین، ئاشکرایە کە لەنێو پرۆسەیەکی زۆر ناسکداین. کاتێکی زۆرمان نییە کە دەستمان تێیدا ئاوەڵا بێت. پێویستە بەخێرایی ئەم پرۆسەیە لەو ئاراستە هاوبەشەی کە دەرکەوتووە، بگەیەنینە ئەنجام."
"تیرۆر باجی گەورەی هەبووە"
سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەکە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "دەزانین هیچ شتێک کە لەم ناوچەیەدا بەسەرمان دێت، بە رێککەوت نییە. رەنگە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی جیهانیی عوسمانی، سایکس-پیکۆی یەکەم... سنوورەکانیان کێشا، خەڵکیان لە یەکدی جیاکردەوە. بەرامبەر نوسێبین، دەبینین قامشلۆ هەیە... تەنیا تورکیان لە کورد، عەرەبیان لە کورد جیا نەکردەوە، بەڵكو هۆزەکانیشیان لە یەکدی جیاکردەوە، بەڵام نەیانتوانی خەڵک بکەنە دووژمنی یەکدی. ئەگەر پێویست بکات زۆر بە روونی قسە بکەین، لەو پرۆسەیەی کە لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکرد، بەکردەوە پرۆسەی دابەشکردنی ناوچەکە لە رووی ئیتنی و مەزهەبییەوە خرایە واری جێبەجێکردنەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی: "لە زۆر وڵاتدا ئەنجامەکانی ئەم جێبەجێکردنە بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەرکەوتن. ئێستا پێویستە ئێمە ئەمە پێچەوانە بکەینەوە. پێچەوانەی دابەشبوونی ئیتنی و مەزهەبی، پێویستە یەکگرتنی گەلانی ناوچەکە لەسەر بنەمای رابردوویەکی هاوبەش و گرنگتر لەوەش، داهاتوویەکی هاوبەش و هاوچارەنووسی مسۆگەر بکەین و کێشە هەنووکەییەکانی نێوانیان نەهێڵین".
کورتوڵموش رایگەیاند، "لێرەدا کاتێک سەیری تورکیا دەکەیت، ئەو بابەتەی کە قورسترین باجمان لەسەری داوە، بابەتی تیرۆرە. پێویستە ئەم کێشە نەهێڵدرێ. بۆ ئەمەش چی پێویست بێت، دەبێت بە خێرایی بکرێ. جگە لە روانگەی ئیمپریالیزم، زایۆنیزمیش کە جارجار ئیمپریالیزمی خستووەتە ژێر باڵی خۆی و جار جاریش چووەتە ژێر باڵی ئیمپریالیزمەوە، زۆر بە ئاشکرا دەستی کردووە بە یاریکردن بە دوایین کارتەکانی".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروهها رایگەیاند: " شەڕی ناوخۆی لوبنان ئەمە بوو، شەڕی ناوخۆی سووریا ئەمە بوو. هەروەها گۆڕینی رژێمەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە چەندین وڵاتدا بەشێک بوو لە ئامانجەکانیان. لە کۆتاییدا بیریان لەوە کردەوە کە لە رێگەی غەززەوە بچنە قۆناخی کۆتاییەوە. لە پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورەدا، هێزی سەرەکی کە دەبێت قووت بدرێت تورکیایە. ئەگەر ئەمە دەبینین و دەیزانین، دەبێت قەڵای ناوخۆیی خۆمان پتەو بکەین."
"لە سیستمی یاسایی ئێمەدا شتێک بە ناوی مافی هیواوە نییە"
کورتوڵموش، سەبارەت بە "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی: "با بە شێوەیەکی بەرجەستە باسی مافی هیوا بکەم. لە سیستمی یاسایی ئێمەدا شتێک بە ناوی مافی هیوا نییە. لە راپۆرتەکەشدا بابەتێک لەبارەی مافی هیواوە نییە. لێرەدا رەنگە هەندێک رێکخستن سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزا بکرێ، بەڵام من لێرەدا بۆچوونی کەسیی خۆمم هەیە. ئێستا نامەوێت رای خۆم لەبارەی ئەوەی چی دەکرێت بڵێم، چونکە لێرەدا ئەوەی سەرەکییە، هاتنەناوەوەی گرووپەکانی پارتەکان و کارکردنی پارتەکانە بۆ دەرخستنی هەوڵێکی هاوبەشە."
"شەڕی ئێران کاریگەری لەسەر پرۆسەکە نابێت"
کورتوڵموش لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دەبێت یان نا، گوتی: "پێموانییە کاریگەری هەبێت، چونکە چاودێریی پێشهاتەکانی ئەوێش دەکەین و هەموو رێوشوێنێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نەرێنی رەنگنەداتەوە لەسەر تورکیا".
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها گوتی: "هەر سەیری ئەوە مەکەن کە لەم رۆژانەدا باسی ئەم جۆرە شتانە دەکرێت، پێموایە ئەمریکییەکانیش لەمێژە تێگەیشتوون کە ناتوانن لە رێگەی نائارامیی ناوخۆییەوە گۆڕانکاریی رژێم لە ئێراندا ئەنجام بدەن."
"ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئیدی خەباتی چەکداری بێمانا و ناپێویستە، بۆچوونی ئۆجەلانە"
لە وەڵامی پرسیاری "هەموو شاندەکان چوون و هاتن و راپۆرتەکان گەیشتنە دەستتان. کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئۆجەلان. تەنیا جاروبار هەندێک زانیاری لێیانەوە دزەی کردووە. ئێوە هەموو راپۆرتەکانتان خوێندوونەتەوە. ئێوە چۆن ئۆجەلانێکتان بینی؟ واتە چی سەرسامی کردن لەبارەی ئۆجەلانەوە؟"، کورتوڵموش، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:
"ئیمرالی چەندین لێدوان و راگەیێندراوی هەیە کە بۆ رای گشتی ئاشکرا کراون. سەرەتا لە 27ی شوبات خستیەڕوو، دواتریش لە دوایین لێدوانیدا خستیەڕوو. لەوێدا چەند بنەمایەکی سەرەکی هەن. یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو چوارچێوە ئایدۆلۆژییەی بووە هۆی دامەزراندن و گەشەکردنی رێکخراوەکە، ئیدی کارایی نەماوە و لەبەرئەوەی سیاسەتەکانی رەتکردنەوە، نکۆڵیکردن و تواندنەوەی ئەو کاتەی تورکیا لەدوای خۆی جێهێشتووە، ئیدی بۆچوونی ئەوەیە کە خەباتی چەکداری بێمانا و ناپێویستە و ئەوانە بۆچوونی خودی خۆیەتی".
کورتولموش گوتی، ئۆجەلان "بە ئاشکرا دەڵێت، سیناریۆکانی دابەشکردن و پارچەکردنی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەدا نین. کەواتە لێرەدا وا دەردەکەوێت کە ئەویش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو دابەشبوون و پارچەبوونە سوودێکی بۆ کوردیش نابێت. لە کۆتاییدا، بینینی ئەوەی کە هەموو ئەمانە چۆن گەشە دەکەن، بەندە بە جێبەجێکردنەوە. ئەمەش بە خێرایی پاکتاوکردنی رێکخراوەکە و بە دەربڕینی ئیمراڵی، دابینکردنی دانانی چەکە لە مێشکیشدا."
"ئەگەر ئەم کارە شکست بهێنێت، سیاسەتی مەدەنی لەژێر ئەم دیوارەدا دەمێنێتەوە"
کورتوڵموش لە وەڵامی پرسیاری "ئایا هیچ کاتێک تووشی نائومێدی بوون؟ بۆ نموونە، لە بابەتی شاندەکانی ئیمراڵیدا هەموومان نیگەران بووین. ئایا هیچ بیرۆکەیەکتان هەبوو کە رەنگە هەڵبوەشێتەوە؟" گوتی، "ئەم کارە لە کاری 2009، 2013 یان کارەکانی پێشوو ناچێت. ئەگەر ئەم کارە شکست بهێنێت، ئەگەر دیوارەکە بڕووخێت، سیاسەتی مەدەنی لەژێر ئەم دیوارەدا دەمێنێتەوە و خودا پەنامان بدات، ئەگەر شکست بهێنین، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە پەکەکە دەستی بە کردەوە تیرۆریستییەکانی کرد. لە کەشوهەوایەکدا کە ئەم هەموو پێکدادانە لە ناوچەکەدا هەیە، دەستی زۆر هەن کە بەنزین بەم ئاگرەدا بکەن."
"گرنگترین وڵات کە هاوکاریی لەگەڵدا بکەن تورکیایە"
کورتوڵموش، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دوای شەڕی ئێران، وڵاتانی کەنداو روو لە تورکیا دەکەن یان نا، گوتی: "پێشتر لای وڵاتانی کەنداو نزیکبوونەوەیەکی لەم شێوەیە هەبوو، نەک تەنیا لەم شەڕەی دواییدا. لەگەڵ کوژرانی شاندی حەماس لە قەتەر، لە راستیدا ئیسرائیلییەکان پەیامێکی زۆر روونیان دایە وڵاتانی کەنداو. هەرچەندە پارە بدەن، هەرچەندە خۆتان لە ئەمریکا نزیک بکەنەوە، ئەمریکا ناتوانێت لەم ناوچەیەدا بتانپارێزێت. ئێمە هەمیشە ئەمەمان دەگوت، بەڵام رەنگە زۆر لێی تێنەگەیشتبن. ئێستا بە کردەیی بینییان. ئیسرائیل بە هەموویان دەڵێت ئێوە دوژمنی ئێرانن؛ عومان، بەحرێن، ئیمارات و سعودیە ئێوە دوژمنی ئێرانن. هەوڵیدا بە هاندانی دوژمنایەتیی نێوان وڵاتان، پێگەی خۆی بەهێز بکات. ئێستا ئەم وڵاتانە ناچارن بیر لە بەرگریی خۆیان بکەنەوە. لێرەشدا گرنگترین وڵات کە هاوکاریی لەگەڵدا بکەن تورکیایە."