پەرلەمانتارێکی تورکیا: خانەنشینان ناتوانن سێیەکی پێداویستییەکانی جارانیان بکڕن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان رایگەیاند، خانەنشینان ناتوانن یەک لەسەر سێی پێداویستیی جارانیان بکڕن.
 
پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە رۆژی یەکشەممە 15-3-2026 سەردانی بازاڕێکی ئامەدی کرد و لەگەڵ خانەنشینان گفتوگۆی کرد. 
 
سەزگین تانریکوڵو رایگەیاند، زۆربەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە کاژێرەکانی کۆتاییی رۆژدا بازارید ەکەن، خانەنشینن؛ چونکە لەو کاتانەدا نرخەکان کەمێک دادەبەزن و خانەنشینانیش بەو هۆیەوە ئەو کاتە هەڵدەبژێرن. 

'تەنیا دەتوانین یەک لەسەر سێی بکڕین'
 
تانریکوڵو راشیگەیاند لە خانەنشینانی ناو بازاڕەکەی پرسیوە ئایا دەتوانن نیوەی ئەو شتانە بکڕن کە لە ساڵانی رابردوودا کڕیویانە؟ وەڵامەکەش جێگەی سەرنج بووە کە گوتوویانە، تەنیا دەتوانن یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانمان بکڕن.
 
'جەژنانەی خانەنشینان فریایان نەکەوت'
 
تانریکوڵو بیری هێنایەوە کە جەژنانەی خانەنشینان لە ئاستی 4 هەزار لیرە (نزیکەی 90 دۆلار) ماوەتەوە و ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە هیچ ئاسوودەییەکی بۆ خانەنشینان دروست نەکردووە. 
 
بوگوتەی تانریکوڵو ئەگەر ئەو جەژنانەیەی ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار درا، بەگوێرەی رێژەی زیادبوونی مووچەی کەمینە زیاد بکرایە، دەبوو ئێستا 17 هەزار و 500 لیرە (نزیکەی 400 دۆلار) بووایە، بەڵام هیچ زیادکردنێکی جددی نەکراوە.
 
'ئابووری لە بازاڕدا رەنگ دەداتەوە'
 
تانریکوڵو جەختی کردەوە کە ئەو تابلۆ ئابوورییەی ئێستا لە تورکیادا هەیە، راستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە و بەتایبەتی خانەنشینان لە تەنگژەیەکی گەورەی بژێویدان. 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە بازاڕدا قسەی لەگەڵ کردوون، ناڕەزاییان لە گرانیی بازاڕ و سەختیی ژیان هەبووە و دەڵێ، خانەنشینان زۆر بێزارن.
 
بەگوێرەی دوایین بڕیاری حکومەتی تورکیا، لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا کرایە 20 هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 450 دۆلار.